رووداو دیجیتاڵ
تیمی پرۆژەی رووناکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو ناوچانەی لە هەرێمی کوردستان کە پرۆژەی کارەبای 24 کاژێرییان لێ نەکەوتووەتە کار، سەرجەم ئەو قەرزانەی لەسەریانە دەتوانن بە داشکاندنی 50% بیدەنەوە.
ماوەی دە رۆژە پرۆسەی دانەوەی قەرزی پێش پرۆژەی رووناکی بە داشکاندنی 50% دەستیپێکردووە و تاوەکو مانگێکی دیکە بەردەوام دەبێت.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان کارەبای قەزاکانی پێنجوێن، چەمچەماڵ، بازیان، دووکان، شەقڵاوە و چەند ناوچەیەکی دیکە نەکراونە 24 کاژێری. لەبارەی وەرگرتنەوەی پارەی قەرزی کارەبا لەو ناوچانە، سەرچاوەیەک لە پرۆژەی رووناکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەتوانن سەرجەم ئەو بڕە پارەیەی بە قەرز لەسەریان کەڵەکە بووە بە داشکاندنی 50% بیگەڕێننەوە.
لەبارەی ئەوەی هەندێک هاونیشتمانیش لە رێگەی پرۆژەی رووناکییەوە، داشکاندنیان بۆ کراوە بۆ ئەو قەرزانەی کە لە کاتی پرۆژەی رووناکی لەسەریان بووە، ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت، بەشێک لە هاوبەشەکانمان کە کێشە لە پێوەرەکانیاندا هەبووە و لە کاتی دەستپێکردنی پرۆژەی رووناکیدا پسوولەی کارەباکەیان سفر بووە یان داتاکانیان تۆمار نەکراوە و سەرەتا سوودمەند نەبوون لە داشکاندنی 50%ـی مانگی یەکەم و 25%ـی مانگی دووەم و 15%ـی مانگی سێیەمی دەستپێکی پرۆژەکە، بڕیاردراوە هاوکاری بکرێن و داشکاندنیان بۆ بکرێت.




