رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دواییی مەلا جەرجیس هەولێری، سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەکەی و زانایانی ئایینیی کوردستان دەکات و دەڵێت: به پەیامی لێبوردەیی خزمەتی خەڵکی هەولێرى كرد.
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا رایگەیاند: "بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا جەرجیس هەولێری، زانای ئایینی و کەسایەتیی دیاری پارێزگای هەولێر، سهرهخۆشيى قووڵم پێشكهش به بنەماڵەی بەڕێزیان و زانایانی ئایینیی کوردستان دەکەم، هاوسۆز و هاوخهميانم."
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا جەرجیس هەولێری، تهمهنى خۆى بۆ خزمهتى ئايين تەرخان کرد و به گەیاندنی پەیامی چاكه و ئاشتی و لێبوردەیی، خزمەتی خەڵکی هەولێرى كرد. لە خوای مەزن داواکارم گیانی بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و ئارامی و دڵنهوايى بە بنەماڵەی بەڕێزيان و هاوڕێيان و کەسوکارى ببەخشێت."
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیک کاژێر 02:30ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، مامۆستا مەلا جەرجیس ئیبراهیم، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی حاجی حوسێن بەهۆی نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دوایی کرد."
ئەو مامۆستا ئایینییە تەمەنی 80 ساڵ بوو و وەک گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی پێدا، ماوەیەکی زۆر لە ئەوقافی هەولێر کاری کردووە و خانەنشین ببوو، بەڵام بەردەوام بوو لە پێشکەشکردنی گوتار و پێشنوێژی.
نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بە دۆخی تەندروستیی مامۆستا مەلا جەرجیس کرد و گوتی: "هەفتەیەک پێش ئێستا گوتاری هەبوو، بەڵام دوای گوتارەکە تەلەفۆنی بۆ کردین و گوتی کە ماندوو بووە و دەیەوێت پشوو بدات، ئیدی نەهاتەوە بۆ مزگەوت."
بڕیار وایە دوای تەواوبوونی رێکارەکان، تەرمی مامۆستا مەلا جەرجیس بە خاک بسپێردرێت و سبەی هەینی، یەکەم رۆژی پرسەکەی لە مزگەوتی نانەکەلی لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت.


