رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرمای ئەمڕۆ و سبەی نزیک دەبێت لە یەک و بە بەرزی دەمێنێتەوە. دوو کەشناس پێشبینی دەکەن، لە دووشەممەوە پلەی گەرما بەرەو دابەزین بچێت و "لە زۆرینەی هەرێمی کوردستان پلەی گەرما لە خوار 40 پلەی سیلیزییەوە دەبێت".
ئەمڕۆ هەینی 14-08-2026 کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ پلەی گەرما دوو بۆ سێ پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دووشەممەوە پلەی گەرما بەرەو دابەزین دەچێت، بەراورد بە ئەمڕۆ سێ بۆ پێنج پلەی سیلیزی دادەبەزێت".
شاڵاو هیدایەت هۆکاری دابەزینی پلەی گەرمای بۆ هاتنی بارستە هەوایەکی فێنک لە دەریای نێوەڕاست گەڕاندەوە، کە کاریگەری لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت.
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشوهەوا و بوومەلەرزەزانی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێ لە دووشەممە تاوەکو چوارشەممە بارستە هەوایەکی فێنک هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و پلەی گەرما سێ بۆ پێنج پلەی سیلیزی دابەزێت".
موفتی پێشبینی دەکات، نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پلەی گەرما لە زۆرینەی هەرێمی کوردستان دابەزێت بۆ کەمتر لە 40 پلەی سیلیزی، جگە لە کەرکووک، هەولێر و گەرمیان کە "ئەگەر هەیە 40 پلە یان 39 پلەی سیلیزی بن".
پلەی گەرمای شارەکان لە رۆژی شەممەدا:
هەولێر: 45 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 43 پلەی سیلیزی
دهۆک: 42 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 43 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 46 پلەی سیلیزی
پیرمام: 42 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 44 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 43 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 44 پلەی سیلیزی
گەرمیان:47 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 33 پلەی سیلیزی


