رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕوان دەکرا ئەم هەفتەیە قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەرانی شاری هەولێر بەڕێوەبچێت. بەڵام شارەوانیی هەولێر دەڵێت، پارچە زەوییەکان ئامادەنەبوون. بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی هەولێریش دەڵێت، تاوەکو مانگی داهاتوو دە هەزار پارچە زەوی لە سنووری کۆیە و گوێڕ بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێن.
لە هەولێر 42 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشێک لە کاری ئامادەکردنی پارچە زەوییەکان ماوە تەواوبکرێت، بۆیە قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەرانی هەولێر ئەم هەفتەیە دواکەوت. هەوڵ دەدەین بە زووترین کات کارەکانی تەواو بکەین."
40 هەزار فەرمانبەر لە سنووری هەولێر ماون زەوی وەربگرن. وەک کارزان عەبدولهادی دەڵێت، دیار نییە لە قۆناخی هەشتەم چەند پارچە زەوی دابەشدەکرێت، چونکە تاوەکو ئێستا پارچە زەوییەکان بە تەواوی ئامادەنەبوون و کاریان ماوە؛ گوتیشی: "هەرچەندمان بۆ تەواو بکرێت، لە قۆناخی هەشتەم دابەشیان دەکەین بەسەر فەرمانبەراندا."
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، لە حەوت قۆناخی رابردوودا 42 هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرتووە و لەبارەی تێچووەکەشییەوە گوتی: "بە گشتی زیاتر لە یەک ملیۆن دینار لە هەر فەرمانبەرێک وەردەگیرێت."
دە هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی کۆیە و گوێڕدا دابەشدەکرێت
مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "38 هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکانی پارێزگای هەولێر (دەرەوەی شاری هەولێر) بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراون."
بە گوتەی مەریوان هادی: "هەشت هەزار پارچە زەوی لە قەزای کۆیە و دوو هەزار پارچە زەویش لە قەزای گوێڕ تاوەکو مانگی داهاتوو بەسەر فەرمانبەرانی ئەو دوو قەزایەدا دابەشدەکرێن."


