رووداو دیجیتاڵ
محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک واژۆی لەسەر بڕیاری هێشتنەوەی زەوییەکانی تۆپزاوە لەنێو ماستەرپلانی شاردا کرد. نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوە دەڵێ:"بڕیارەکە رەت دەکەینەوە و داکۆکی لە زەوییەکانمان دەکەین".
رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026، ساتیع ناسیح، نوێنەری دانیشتووان و جووتیارانی گوندی تۆپزاوە بە رووداوی راگەیاند، ئەوان نووسراوی فەرمیی پارێزگاری کەرکووک (ژمارە 17104) بە تووندی رەت دەکەنەوە کە تێیدا جەخت لەسەر هێشتنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان لەنێو دیزاینی بنەڕەتیی شاردا کراوەتەوە، لە کاتێکدا لەسەردەمی پارێزگاری پێشوودا ئەم زەوییانە لەنێو ماستەر پلاندا نەبوون.
ساتیع ناسیح گوتی: "ئەم هەوڵە پێچەوانەی روونی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2025ـە، کە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوەی پووچەڵ کردووەتەوە و زەوییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، ئەگەرچی تاپۆی رەشی زەوییەکانیشمان هەیە."
پارێزگاری کەرکووک: ناتوانرێ کەرتی 24ی تۆپزاوە لە ماستەرپلان دووربخرێتەوە
محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک، لە وەڵامێکی فەرمیدا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی یایچی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، تیمی ماستەرپلانی کەرکووک گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە "ناتوانرێ کەرتی 24ـی تۆپزاوە لە ماستەرپلانی پێشنیازکراوی شاری کەرکووک دوور بخرێتەوە."
نەخشەی بنەڕەتیی پارێزگاکان یان ماستەرپلان چییە؟
بریتییە لە بەڵگەنامەیەکی یاسایی، تهلارسازیی فەرمی کە چۆنیەتی بەکارهێنانی زەوی و ئاراستەی گەشەکردنی تهلارسازی و ئابووریی شار و قەزا و ناحییەکانی سەر بە پارێزگاکە بۆ ماوەیەک دیاری دەکات چ پڕۆژەیەکی لێ جێبەجێ دەکرێت.
نووسینگەی مادەی 140: ئەمە سەرپێچیی دەستوورە
بابەکر سدیق ئەحمەد (کاکەڕەش سدیق)، بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی ماددەی 140، بە رووداوی راگەیاند: "هەر زەوییەک کە کێشەی لەسەر بێت و بکەوێتە ناوچەکانی مادەی 140، نابێت بخرێتە ناو ماستەرپلان و هیچ پڕۆژەیەکی لەسەر جێبەجێ بکرێت."
بابەکر سدیق گوتی، بەپێی ئەو بڕیارانەی لە سەردەمی حکومەتی نووری مالیکیدا راستاندنیان بۆ کرا، زەوییەکانی ناوچەی مادەی 140 بەدەرکراون لە پڕۆژەکانی پارێزگا و گوتی: "پێچەوانەی ئەمە، سەرپێچیی دەستوورە."
بابەکر سدیق گوتی، خاوەن زەوییەکان دەتوانن لەڕێگەی دادگەوە داواکاریی پێشکێش بکەن بەڵگەکانیان بخەنە بەردەم دادوەر، دواتر دادگە داوای وەڵام لە "ئێمە (نووسینگەی مادەی 140) دەکات و ئێمەش هەر وەک ئەو نووسراوە پێشووترمان وەڵامی دادگە دەدەینەوە کە نابێت بکرێتە نێو ماستەرپلان".
زەوی گوندەکانی تۆپزاوە، تەرکەڵان و گومەتلەری سنووری پارێزگای کەرکووک، لە ساڵی 1975 بەبڕیاری حکومەتی بەعس دەستیان بەسەرداگیرا و خرانە سەر وەزارەتەکانی دارایی و شارەوانی و بەرگریی عێراق و دواتر بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشکران.



