رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێ، تەرمی ئەو گەنجەیان دۆزیوەتەوە کە دوێنێ لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر خنکا.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەنجەکە دوێنێ لای پردی نوێ لە قەزای خەبات خنکا، ئەمڕۆ تەرمەکەیمان دۆزییەوە".
گەنجەکە ناوی یوسف ئەمین زراری، لەدایکبووی 2006 و دانیشتووی گردجووتیار بوو لە هەولێر. شاخەوان سەعید گوتی: "تەرمەکە لەلایەن تیمی ژێرئاوی خەبات دۆزرایەوە و رەوانەی دادپزیشکی کراوە".
ئەم ساڵ زیاتر لە 50 کەس لە چەم و رووبارەکانی هەرێمی کوردستان خنکاون. گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر گوتی، لەو ژمارەیە 16 کەسیان لە هەولێر و دەوروبەری بوون.



