رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، زیاتر لە 120 هەزار کەس ناویان بۆ چوونە حەج تۆمارکردووە و وردبینی بۆ بەشێکی ناوەکان تەواوکراوە.
شێخ وریا مەولانا خالید بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 15ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جگە لە مورشید و کۆمپانیاکان، 116 هەزار و 693 کەس ناویان بۆ چوونە حەج تۆمار کردووە. بە چڕی وردبینی لە ناوەکانیان دەستیپێکردووە".
ناونووسین بۆ حەج، ئەم ساڵ 21ی تەممووز دەستیپێکرد و 10ـی ئاب کۆتایی هات. شێخ وریا بالیسانی گوتی: "نزیکەی نیوەی ناوەکان وردبینییان بۆ کراوە. ناوەکانی هەڵەبجە و زاخۆ وردبینییان تەواو بووە، بەڵام بۆ شارە گەورەکان کاتی زیاتر پێویستە. هەموو کارێک دەکەین تاوەکو لە نزیکترین کاتدا وردبینیی ناوەکان تەواو بێ و ناوی دەرچووەکان ئاشکرا بکەین".
بەڕێوەبەری حەج و عومرە دەڵێت: "ئەم ساڵ تیروپشک بۆ دوو ساڵ دەکرێ؛ حەجی ساڵی 2027 و 2028. هەروەها بڕیادراوە بۆ حەجی ساڵی داهاتوو یەدەگەکانی ئەم ساڵ کە ژمارەیان زیاتر لە 2400 کەسە ئەم ساڵ دەرفەتیان پێ بدرێت بچنە حەج".
بالیسانی گوتی: "جگە لە ناوی یەدەگەکان، ئەم ساڵ زیاتر لە 2700 ناو هەڵدەبژێردرێن بۆ چوونە حەجی ساڵی داهاتوو؛ هەروەها زیاتر لە چوار هەزار کەس بۆ حەجی ساڵی 2028 هەڵدەبژێردرێن".
بەگشتی ئەم ساڵ 120 هەزار و 142 کەس ناویان تۆمار کردووە بچنە حەج. لەو ژمارەیە 116 هەزار و 693 وەک هاووڵاتی ئاسایی ناویان تۆمارکردووە؛ 602 مورشیدی ئایینی، 255 کۆمپانیا وەکو سەرقافڵە، 243 پزیشک و 2340 کەسیش وەک کەسوکاری شەهیدان ناویان تۆمارکردووە.
بەگوێرەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بۆ حەجی دوو ساڵی داهاتوو، "پشکی شێر بۆ بە تەمەنەکان دەبێت و وا دەکەین 45 بۆ 70 ساڵی زۆرترین ناوە دەرچووەکان بن. هیچ پێوەرێکیش بۆ تەمەن دیاری نەکراوە".
پار ناونووسین بۆ حەج، لە 11ی ئەیلوول دەستیپێکرد و 26ی هەمان مانگ کۆتایی هات. زیاتر لە 90 هەزار کەس داواکارییان لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی پڕکردەوە، لەو ژمارەیە 5120 کەس بە تیروپشک ناویان دەرچوو.
بۆ حەجی ساڵی 2026، 7ی ئایار یەکەم گەشتی حاجیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەستیپێکرد و دوایین گەشت 17ی ئایار بوو.



