رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی جەمەسۆری دەشتی هەریر لە پارێزگای هەولێر، گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ چەند رۆژێکە لە ماڵ دەرچووە و تاوەکو ئێستا سۆراخی نییە. خێزانەکەی دەزگا ئەمنییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە و داوای هاوکاری بۆ دۆزینەوەی کوڕەکەیان دەکەن.
بەڵێن خورشید نەجات، گەنجێکی تەمەن 20 ساڵی دانیشتووی گوندی جەمەسۆری دەشتی هەریرە. ئەو هاونیشتمانییە لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەی رابردوو 10ـی ئابی 2026 لە ماڵ دەرچووە و تاوەکو ئێستا سۆراخی نییە.
خورشید نەجات، باوکی ئەو گەنجە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بەیانیی زوو رۆژی دووشەممەی رابردوو، کوڕەکەی بۆ نوێژی بەیانی چووەتە دەرەوە، ئیدی لەو کاتەوە نەگەڕاوەتەوە و مۆبایلەکەشی داخراوە.
سەبارەت بە دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتیی پێش دیارنەمانی، خورشید نەجات گوتی، کوڕەکەی هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یان دەروونی نەبووە و رایگەیاند: "کوڕەکەم پێشتر ماوەی سێ مانگ لە چێشتخانەیەکی شاری هەولێر کاری کرد و بەم دواییەش نزیکەی مانگێک بوو بێکار بوو."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد: "کوڕەکەم تاوەکو پۆلی نۆیەمی خوێندووە و هیچ کات باسی لە چوونە دەرەوەی وڵات نەکردووە، تەنانەت پاسپۆرتیشی نییە."
خورشید نەجات دەڵێت، دوای ئەوەی کوڕەکەی تاوەکو ئێوارەی ئەو رۆژە دەنگی نەبوو، کەوتنە سۆراخی و "پۆلیس و لایەنە ئەمنییەکانمان ئاگادارکردنەوە؛ لە کامێرا دەرکەوتووە کە کیسەیەکی بەدەستەوەیە کە دەستێک جلوبەرگی خۆی بردووە و رۆیشتووە."
باوکی بەڵێن دەڵێت: "کوڕەکەم کە لە ماڵ دەرچوو، کراسێکی رەنگی قەزوانی و پانتۆڵێکی رەشی لەبەردا بووە، هەروەها هەندێک جلیشی لەگەڵ خۆی بردووە."
سەرەڕای ئەوەی سکاڵای دیارنەمانیان لای ئاسایش و پۆلیسی ناوچەکە تۆمارکردووە، خێزانەکەی داوا لە هەر کەسێک دەکەن کە زانیارییان لەبارەی چارەنووسی کوڕەکەیان هەیە، پەیوەندییان پێوە بکەن.
خورشید نەجات (باوکی بەڵێن) – 07504291372



