رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ رێگری لە هەر قەیرانێکی سووتەمەنی و دابینکردنی بەنزینی پێویست بۆ هاووڵاتییان، رێکاری نوێ دەگرێتەبەر. لەمەودوا رۆژانی هەینیش تانکەرەکانی سووتەمەنی دەتوانن بچنە نێو شارەکە، ئەوەش بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری پەکی نەکەوێت.
پێشتر بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆی تانکەرەکان لە رۆژانی هەینیدا، گەیاندنی سووتەمەنی بۆ بەنزینخانەکانی سۆران رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، بەڵام ئیدارەی ناوچەکە بڕیاری گۆڕانکاریی لەو رێکارەدا داوە.
رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ ئەوەی لێشاوی هاتنی بەنزین بۆ ناوچەکە بەردەوام بێت، بڕیارمان داوە لە هەینی داهاتووەوە هاتووچۆی ئەو تانکەرانەی سووتەمەنی دەهێنن ئاسایی بێت."
بە گوتەی هەڵگورد شێخ نەجیب، ئەم ئاسانکارییە تەنیا ئەو تانکەرانە دەگرێتەوە کە لەژێر چاودێری ئەواندا سووتەمەنی بۆ سنوورەکە دەهێنن، نەک هەموو جۆرە تانکەرێک.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هەوڵەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ چڕکراونەتەوە. ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ شەش تانکەری سووتەمەنی گەیشتوونەتە سۆران کە 216 هەزار لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراوی تێدایە."
لەبارەی سبەی، ئەمیر شانەدەری دەڵێت: "بڕیارە بڕی بەنزینەکە زیاد بکرێت و نزیکەی 300 هەزار لیتری دیکە بگاتە دەستمان، دوێنێ و ئەمڕۆ بەهۆی هاتووچۆی تانکەرەکانەوە کێشەمان هەبوو، بەڵام چارەسەر کراوە."
ئەم هەنگاوانەی ئیدارەی سۆران دوای فەرمانێکی وەزاری دێت کە لە 13-08-2026 دەرچووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بۆ جێگیرکردنی نرخ لە بازاڕەکاندا، پاڵپشتیی دارایی بۆ بەنزینی بازرگانی دابین بکات تاوەکو بە 750 دینار بگاتە دەستی شۆفێران.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کە جیاوازیی نێوان ئەم نرخە و نرخی راستەقینەی بازاڕ لەلایەن حکوومەتەوە دابین دەکرێت.




