رووداو دیجیتاڵ
لایەنە پەیوەندیدارەکان بە رووداویان راگەیاند، ئەمڕۆ لە سلێمانی ملیۆنێک و 200 هەزار لیتر، لە هەولێر نزیکەی هەمان بڕ، لە دهۆک نزیکەی ملیۆنێک لیتر و لە هەڵەبجە 72 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت. بەرپرسان دەڵێن: "نەوت و کانزاکان چاودێری کواڵیتی دەکەن".
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو کە لە بەرپرسانی نەوت و کانزاکان و قایمقامەکان وەریگرتوون، ئەمڕۆ زیاتر لە سێ ملیۆن و 400 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت. بەڕێوەبەرانی نەوت و کانزاکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک دەڵێن: "ئێمە چاودێری بەنزینخانەکان دەکەین نەوەکو کۆمپانیا".
نەوت و کانزاکانی سلێمانی: 1.2 ملیۆن لیتر بەنزین دابەش دەکەین
محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەنزینخانەکانمان کردوونەتە 24 کاژێری، ئامانجمان ئەوەیە خەڵک لەجیاتی چەند کاژێرێک نۆرەگرتن، بە چەند خولەکێک بەنزینی 750 دیناری وەربگرێت".
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی گوتی: "لە ناو شاری سلێمانی 13 بەنزینخانە هەن، ئێمە یەکی دوو پشکمان پێداون بۆ ئەوەی هێندەی 26 بەنزینخانە بەنزین دابەش بکەن، ئەوە جگە لە قەزا و ناحیەکان".
بە گوتەی محەممەد حەسیب، ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن لە گەرمیان و راپەڕین یەکی یەک بەنزینخانەیان بۆ زیاد کراوە. گوتیشی: "سبەی ژمارەی بەنزینخانەکانی سلێمانی لە 13 بەنزینخانەوە دەبنە 14 بەنزینخانە".
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: "بەگشتی رۆژانە ملیۆنێک و 200 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری لە پارێزگای سلێمانی دەدرێتە شۆفێران".
دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە، کە کواڵیتی بەنزینی 750 دیناری خراپە و چاودێریکردنی بەنزینخانەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان وەرگیراوەتەوە و دراوە بە کۆمپانیا، بەڵام محەممەد حەسیب رەتیدەکاتەوە و دەڵێت: "هەموو بەنزینخانەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئێمەوە چاودێری دەکرێن، کارمەندمان هەن و چاودێری دەکەن، هەروەها کامێرای بەنزینخانەکان بەستراون بە بەڕێوەبەرایەتیمانەوە و چاودێرییان دەکەن".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ لە پشکی سنووری پارێزگای سلێمانی، بەنزینی 750 دیناری بۆ پێنجوێن و سەیدسادق نێردراوە.
نەوت و کانزاکانی دهۆک: کێشەی کەمیی بەنزین نامێنێت
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ 27 تانکەر بەنزینمان بۆ هات کە زیاترە لە 950 هەزار لیتر، ئەمڕۆش ئەو بڕەمان پێدەگات".
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک گوتیشی: "ئەو پشکە بۆ تەواوی پارێزگاکەمانە، ئێستا دۆخی بەنزین زۆر باشبووە، بڕەکان بەردەوام زیاد دەبن و کێشەی بەنزینمان نامێنێ".
لەبارەی کواڵیتی بەنزینەکە، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک رایگەیاند "کواڵیتی زۆر باشە و لەلایەن لیژنەکانمانەوە چاودێری هەموو بەنزینخانەکان دەکرێ، بۆ ئەوەی کەس دەستکاری کواڵیتی بەنزینەکە نەکات".
دابەشکردنی بەنزین لە هەولێر و هەڵەبجە بەردەوام دەبێت
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ ملیۆنێک و 188 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری لە هەولێر دابەش دەکرێت.
ئەو بەنزینەی قایمقامی هەولێر باسی دەکات، پشکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیشی تێدایە.
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژانە دوو تانکەر بەنزین بۆ هەڵەبجە دەنێردرێت کە 72 هەزار لیترە.
قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت: "ئەم بڕیارە زۆر زۆر باشە و دەبێتە هۆی ئەوەی نزیکەی 80%ـی کێشەی بەنزین لە هەڵەبجە چارەسەر ببێت."
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار، لە دوای ئەو رێکەوتەوە بەنزین رۆژ بە رۆژ نرخی بەرزتر بووەوە، پێش 6ـی حوزەیران، لە هەرێمی کوردستان نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە نێوان 850 بۆ 900 دینار بوو.
بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، 20ـی تەممووز وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لیتری بە 850 دینار زیاتر بفرۆشرێت. رۆژێک دواتریش نرخی بەنزینی موحەسسەنی بە هەزار دینار و سوپەری بە 1200 دینار دیاری کرد، بەڵام جێبەجێ نەکرا و دوای چەند رۆژێک لە کەمیی بەنزین، 28ـی تەممووز بازاڕ ئازاد کرا.


