رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی بۆ یادی لەدایکبوونی محەممەدی كوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دەستپێکردووە و گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێ، رێوڕەسمی گەورە و جیاواز لە 25ـی مانگەوە لە سەرجەم شارەکان بەڕێوەدەچن.
رۆژی یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "25ـی ئاب گەورەترین رێوڕەسمی تایبەت بە لەدایکبوونی پێغەمبەر محەممەد (د.خ) لە هەولێر سازدەکرێ. بێگومان لە هەموو شارەکان رێوڕەسم هەیە، بەڵام گەورەترینیان رۆژی 25ـی ئاب لە شاری هەولێر و لەسەر قەڵای هەولێر دەبێ".
لەبارەی چالاکییەکان و کاتی دەستپێکردنی رێوڕەسمەکە، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی: "سروودی ئایینی، دابەشکردنی شیرینی، خواردن و خواردنەوە لە کاژێر 09:00ـی بەیانییەوە تاوەکو دوای نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت".
نەبەز ئیسماعیل باسی لەوەشکرد، یادەکە تەنیا لە یەک رۆژدا نابێ و تەنیا لە یەک شوێنیش نابێ، بەڵکو تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و گوتی: "لە 25ـی ئابەوە بۆ یەک مانگ لە هەموو هەرێمی کوردستان رێوڕەسم دەبێ. هەموو مزگەوتەکان رێوڕەسم بەڕێوەدەبەن کە لە لایەن وەزارەتی ئەوقافەوە رێک دەخرێن".
محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵای کوڕی عەبدولموتەڵیب، رۆژی 22-04-571ـی زایینی، کە دەکاتە 12ـی رەبیعی یەکەمی ساڵی کۆچی لە شاری مەککە لەدایکبوو و لە تەمەنی 63 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.



.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)