رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دوور لە چاوی راگەیاندنەکانەوە بەڕێوەدەچن و جەخت دەکاتەوە کە "جێگرەوەی یەکێتی لای پارتی هەر یەکێتییە" و حکومەتی نوێش بەبێ ئەو حیزبە پێکنایەت.
ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پارتی هەنگاوی کرداریی ناوە بۆ زیندووکردنەوەی پرۆسەی سیاسی. دوای بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی، هەوڵەکان دەستیان پێکردووە و ئێستا کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی هەیە، بەڵام خۆشبەختانە لەبەرچاوی راگەیاندنەکان نییە."
بۆچی کۆبوونەوەکان نهێنین؟
سەبارەت بە هۆکاری بە نهێنی هێشتنەوەی گفتوگۆکان، ئەحمەد کانی گوتی: "ئەوە کارێکی باشە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بچێتە پێش، چونکە لە رابردوودا زۆر جار قسەوباسی نێو میدیاکان دوای کۆبوونەوەکان، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر رێککەوتنەکان هەبووە. پشتیوان بە خودا لە رۆژانی داهاتوودا خەڵکی کوردستان 'مژدەی خۆش' دەبیستن و کۆبوونەوەی ئاستی باڵاش دەبینین."
"جێگرەوەی یەکێتی هەر یەکێتییە"
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی هێڵی سووری لەسەر هیچ لایەنێک نییە، بەڵام یەکێتی بە هاوبەشێکی بنەڕەتی دەبینێت و گوتی: "ئێمە و یەکێتی تەواوکەری یەکترین. زیاتر لە جارێک جەختمان کردووەتەوە کە بەدیلی یەکێتی لای ئێمە هەر یەکێتییە، بەڵام ئەوە مانای گفتوگۆنەکردن نییە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە."
رێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ
لەبارەی رێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەحمەد کانی رەخنەی گرت و گوتی: "ئەو رێککەوتنە روون نییە و لە کەشێکی شەفافدا نەکراوە، بۆیە ئێمە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ئەو رێککەوتنە رەفتار ناکەین."
ئەحمەد کانی جەختی کردەوە کە ئەرکی لە پێشینەی پارتی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئازادی و پێکەوەژیانە و گوتی: "پارتی لە هیچ قۆناخێکدا ئامادە نەبووە سازش لەسەر مافە رەواکانی گەلی کوردستان بکات."


