رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ راگرتنی لە جێدانانی مامۆستایانی گرێبەست، وەزارەتی پەروەردە رووبەڕووی بۆشاییەکی گەورەی میلاک بووەتەوە. تەنیا لە شەش ناوچەی هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ هەزار مامۆستا خانەنشین بوون و بەڕێوەبەرانی پەروەردەش هۆشداری لە نەمانی مامۆستای پسپۆڕ دەدەن.
دوای نووسراوەکەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ راگرتنی دانانی جێگر و راسپاردنی مامۆستایانی وانەبێژ لەسەر داهاتی ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە پەنا بۆ لێکدانی پۆلەکان و زیادکردنی بەشەوانەی مامۆستایان دەبەن.
پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵانە ژمارەیەکی زۆر مامۆستا خانەنشین دەبن و ئەگەر جێگرەوەیان نەبێت بۆشایی دروست دەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەت پەنا بۆ زیادکردنی بەشەوانەی مامۆستایان، وانەگوتنەوەی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکان و گواستنەوەی میلاکات لە نێوان قوتابخانەکاندا دەبات.
سەبارەت بە زیادکردنی مووچەی ئەو مامۆستایانەی کە وانەی زیاتر دەڵێنەوە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی: "ئەو بابەتە پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و تاوەکو ئێستا لەو بارەوە هیچ بڕیارێکی نوێمان بەدەست نەگەیشتووە."
سلێمانی: 514 مامۆستا خانەنشین دەبن
بەگوێرەی ئاماری پەروەردەی سلێمانی، ئەمساڵ 514 مامۆستا خانەنشین دەبن.
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، پێشتر مامۆستایان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر قوتابخانەکاندا دابەش نەکراون، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان، میلاک رێکدەخەنەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردە، مامۆستایانی ئامادەیی هەفتانە 22 بەشەوانە و مامۆستایانی بنەڕەتی 24 بەشەوانەیان هەیە. بەگوتەی نەژاد عەبدوڵڵا، هەر مامۆستایەک وانەی زیاتر بڵێتەوە، بۆ هەر بەشەوانەیەک 4 هەزار دیناری پێدەدرێت. هەروەها گوتی، ئەو قوتابخانانەی کەمتر لە 15 قوتابیان هەیە، دادەخرێن.
دهۆک: 1500 وازهێنان و خانەنشین بوون
لە سنووری دهۆک 923 مامۆستا خانەنشین بوون و 520 مامۆستا وازیان هێناوە، لەگەڵ کۆچی دوایی 48 مامۆستای دیکە.
سەگڤان حەسەن، بەڕێوەبەری پەروەردەی دهۆک، بە رووداوی راگەیاند: "ساڵانی پێشتر بە گرێبەست ئەم بۆشاییەمان پڕدەکردەوە و ئەم ساڵ بە گواستنەوە." تاوەکو ئێستا گرفتمان بۆ دروست نەبووە و هیچ مامۆستایەک لە میلاکی خۆی وانەی زیاتری بەرنەکەوتووە و ئەگەریش لە رەوتی خوێندنی بۆی زیادبکرێ بۆ هەر وانەیەک چوار هەزار دیناری بۆ خەرج دەکرێت."
گەرمیان و هەڵەبجە: مەترسی لەسەر گوندەکانە
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەڵەبجە بۆ رووداو، 5000 مامۆستا و فەرمانبەر لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە هەن، کە 239 کەسیان ساڵی رابردوو خانەنشین بوون
سۆران عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەکە بە رووداوی گوت: "ئەوە تەنیا ئاماری خانەنشینانە، جگە لەوە مۆڵەتی دایکایەتی و نەخۆشی و مردنیشمان هەیە، هەموویان بۆشایی دروست دەکەن و بۆ گوندەکان و شوێنە دوورەدەستەکان کێشەکە دوو هێندەیە"
لە گەرمیان ساڵانە 150 بۆ 200 مامۆستا خانەنشین دەبن.
محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەوەردەی گەرمیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ شەش گوند لە سنووری ئیدارەکە ئاوەدانکراوەتەوە و هەموویان پێویستان بە قوتابخانەیە، بەڵام ستافی پێویستیان نییە بۆ کردنەوەی قوتابخانەی نوێ.
لەبارەی چارەسەری گرفتەکانەوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەڕێوەبەری پەوەردەی گەرمیان گوتی: "بەگوێرەی فەرمانە وەزارییەکان پلانمان داناوە، هەر مامۆستایەک بەشەوانەی کەمە وانەی زیاتری پێدەدرێت و هەر قوتابخانەیەک مامۆستای زیاتری هەبێت دەگوازرێنەوە بۆ ئەو قوتابخانانەی پێویستیان پێیەتی، بەپێی بڕیاریش لەکاتە پێویستەکاندا بەڕێوەبەری قوتابخانە چوار بەشەوانە و یاریدەدەرەکەیشی شەش بەشە وانە وەردەگرێ."
لە کۆیە 375 مامۆستا خانەنشین بوون
ساڵانە نزیکەی 50 بۆ 70 مامۆستا لە سنووری پەروەردەی کۆیە خانەنشین دەبن. بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەش 375 مامۆستا خانەنشین بوون، بەبێ ئەوەی هیچ جێگرەوەیەکیان بۆ دابنرێت.
شەهێن عوسمان، بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە، بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە رێکخستنی میلاکات توانیومانە بۆشاییەکانی نێو شار پڕبکەینەوە بۆ نموونە چەند قوتابخانەیەکمان کە لە گوندەکان داخست کە خوێندکاریان کەم بوو و مامۆستاکانمان بۆ قوتابخانەی دیکە گواستنەوە."
بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە ئاماژەی بەوەدا ئەم رێکارە تەنیا بۆ سەرەتای ساڵ وەڵامدەرە، ئەگەر یەک مامۆستا مۆڵەت وەربگرێ یان لەسەر کارەکەی نەمێنێ، ئەوا بۆشایی دروست دەبێت و تەنانەت یەک جێگرەوەیشیان نییە بۆی.
ئەم ساڵ 91 مامۆستا لە رانیە خانەنشین دەبن
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رانیە پار، 232 مامۆستا و فەرمانبەر خانەنشین بوون و هیچ کەسێک لە جێگەیان دانەندراوە. تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵیش 91 مامۆستای دیکە خانەنشین دەبن.
ئومێد تۆفیق، بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی مامۆستایان و چارەسەری کێشەکان کۆمەڵێک بڕیاری وەزاریمان بەدەست گەیشتووە، یەکێک لەوانە لێکدانی پۆلەکانی یەک و دووە، واتە مامۆستایەک 20 خولەک پۆلی یەک وەربگرێ و 20 خولەک پۆلی دوو."



