رووداو دیجیتاڵ سەرەڕای ئەوەی بەرهەمی برنجی ناوخۆیی هێشتا پێویستیی تەواوی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پڕ ناکاتەوە، بەڵام ساڵانە بڕێکی لێ هەناردە دەکرێت. وەزارەتی کشتوکاڵیش پێشبینی دەکات ئەمساڵ بەرهەمی برنج بگاتە سەرووی 20 هەزار تۆن. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەناردەکردنی برنجی کوردی بۆ ئەورووپا لە چوارچێوەی ناساندنی بەرهەمی خۆماڵییە بە جیهان؛ پار نزیکەی 10 تۆن برنج هەناردەی بازاڕەکانی ئەورووپا کراوە و ئەمساڵیش چەند بازرگانێک بەنیازن هەمان بڕ هەناردە بکەنەوە." پێشبینی بەرهەمی برنج قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە رووداوی راگەیاند، بەرهەمی برنج پەیوەستە بە بڕی بارانبارین و سەرچاوەکانی ئاوەوە: "بە شێوەیەکی گشتی ساڵانە لەنێوان 15 بۆ 20 هەزار تۆن برنج لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام بەهۆی زۆریی بارانبارینی ئەمساڵ و دروستکردنی چەندین بەنداو و پۆندی نوێ، پێشبینی دەکەن بەرهەمی ئەمساڵ لە 20 هەزار تۆن تێپەڕێت." پێویستیی ناوخۆ و هاوردەکردن بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 100 هەزار تۆن برنج هەیە، لە کاتێکدا بەرهەمی ناوخۆ تەنیا بەشێکی کەمی ئەو پێداویستییە دابین دەکات، بۆیە حکومەت پەنا دەباتە بەر هاوردەکردنی برنج لە وڵاتانی هیندستان، تایلەند و ئەمریکاوە. پایتەختی برنجی کوردی قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک بە "پایتەختی برنجی کوردی" دەناسرێت و ناوەندی سەرەکیی بەرهەمهێنانی ئەم دانەوێڵەیە. برنجی ئاکرێ بە جۆرە بەناوبانگەکانی وەک (شەش مەهی و نۆ مەهی و سەدری) ناسراوە. جگە لە ئاکرێ، ناوچەکانی شارباژێڕ، پشدەر، هەڵەبجە و بازیانیش بەشێکی گرنگی برنجی ناوخۆیی بەرهەم دەهێنن. بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و هاندانی جووتیاران، وەزارەتی کشتوکاڵ لە وەرزی دروێنەدا هاوردەکردنی برنجی بیانی سنووردار دەکات، هەروەها پەینی کیمیایی و بنەتۆوی باش بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکات بۆ ئەوەی تێچووی بەرهەمهێنانیان بۆ کەم ببێتەوە.
هەواڵە ناوخۆییەکان18-08-2026نرخی بەنزینی بازرگانی بە کۆ دابەزیوە و لە بەنزینخانەکان وەک خۆیەتی؛ هۆکارەکە چییە؟
هەواڵە ناوخۆییەکان17-08-2026ئیدریس نێچیرڤان بارزانی بژێویی ژیان و خوێندنی هەردوو منداڵەکەی شەهید موسا و مژدە دەگرێتە ئەستۆ