رووداو دیجیتاڵ
نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر زیاتر بەرزبووەوە. گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت، لای ئەوان نرخ جێگیرە و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.
کەمیی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە هەولێر لە زۆرینەی بەنزینخانەکان نەماوە، بەڵام دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بەردەوامە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ لە سنووری سلێمانی لە 16 بەنزینخانە، لە دهۆک 12 بەنزینخانە و لە هەڵەبجە لە دوو بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت. لەبارەی هەولێریشەوە بەرپرسێکی ئاگادار گوتی: "لە سنووری پارێزگای هەولێر لە 35 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت".
نرخی بەنزینی بازرگانی
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی بەنزینی بازرگانی نەگۆڕاوە، لیترێک نۆرماڵ بە 1200 دینارە".
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی موحەسەن 1750 دینارە و سووپەر 1900 دینارە.
لە هەولێر لە زۆرینەی بەنزینخانەکان بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی نەماوە. بەرپرسێکی ئاگادار ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی بەنزینی نۆرماڵ بەرزبووەتەوە و هەموو بەنزینخانەیەک ئامادە نەبووە بەو نرخە بەرزە بیکڕێ، دوێنێ بەیانی لیتری بەکۆ 1700 دینار بوو، دواتر کەمێک رووی لە دابەزین کرد".
لەو بەنزینخانانەی ئەمڕۆ بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە هەولێر دەفرۆشرێت، لیتری لەنێوان 1800 بۆ 1850 دینارە. هەروەها لیترێک بەنزینی موحەسەن لە هەولێر 2250 دینارە و سوپەر 2500 دینار.
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، یەکشەممە 16ـی ئاب لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رۆژانە 3 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن و دابەشکردن بەردەوام دەبێت.
لەبارەی بەنزینی سوپەر و موحەسەنەوە وەزیری سامانە سرووشتییەکان ئەو کات رایگەیاند: "لەم هەفتەیەدا رێژەیەکی باش هاوردە دەکرێت و نرخی ئەویش دادەبەزێت، نۆرماڵ دابەزێ ئەوانیش دادەبەزن، بەڵام پاڵپشتییەکە تەنیا بۆ بەنزینی نۆرماڵە".
حکومەتی عێراق رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان دابیندەکات، وەزیری سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان 2 ملیۆن و 800 هەزار ئۆتۆمبێل هەن، 50 هەزار بەرمیل نەوت ملیۆنێک و 750 هەزار لیتر بەنزینی لێ بەرهەم دەهێندرێت، هەر ئۆتۆمبێلێک یەک لیتریشی پێ بدرێت بەش ناکات، حکومەتی عێراق خۆشی ئەمە دەزانێت و ئاگادارە".
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار، لە دوای ئەو رێکەوتەوە بەنزین رۆژ بە رۆژ نرخی بەرزتر بووەوە، پێش 6ـی حوزەیران، لە هەرێمی کوردستان نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە نێوان 850 بۆ 900 دینار بوو.
14ی ئاب وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی بەنزینی بازرگانی رایگەیاند، دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بۆ چەند هێندە بەرز دەکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نرخەکە ئاسایی نەبووەتەوە.



