رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی سەلاحەدین ساڵنامەی نوێی خوێندنی بۆ ساڵی 2026 - 2027 بڵاوکردەوە؛ بەپێی ساڵنامەکە رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2026 وانەگوتنەوە لەنێو هۆڵەکانی خوێندن دەستپێدەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی ساڵنامەی نوێی خوێندن، رۆژی 1ـی ئەیلوولی 2026 دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایانە و پێویستە سەرجەم مامۆستایانی زانکۆکە کە ژمارەیان 2,600 مامۆستایە، سەردانی بەش و کۆلێژەکانیان بکەن.
بەپێی ساڵنامەکە، پرۆسەی تۆمارکردنی قوتابییان بۆ مۆدیوڵەکانی خوێندن لە رۆژی 6ـی ئەیلوولی 2026 دەستپێدەکات و تاوەکو 12ـی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین گوتی، رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2026 خوێندنی سمستەری پایز دەستپێدەکات و پێویستە سەرجەم قوتابییان لە هۆڵەکانی خوێندن ئامادە بن و وانەکانیان بخوێنن.
سەبارەت بە پشووەکانیش، زانکۆی سەلاحەدین پشت بەو پشووانە دەبەستێت کە بەفەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رادەگەیێندرێن.
لەبارەی دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکانیش، ئۆفیسی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابییان، لە رۆژی 1ـی ئەیلوول تاوەکو 10ـی ئەیلوولی 2026 دەست بە دابەشکردنیان دەکات و قوتابییان دەتوانن لەو ماوەیەدا مامەڵەی وەرگرتنی بەشە ناوخۆییەکان بکەن.
زانکۆی سەلاحەدین یەکێکە لە کۆنترین و گەورەترین زانکۆکانی هەرێمی کوردستان؛ بەپێی ئامارەکان، ساڵانە زیاتر لە پێنج هەزار قوتابی دەردەچن و بۆ ئەمساڵی خوێندنیش زیاتر لە 26 هەزار قوتابی لە زانکۆکە دەخوێنن.




