رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دوو کەس لەکاتی مەلەکردندا لە زێی گەورە لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر لە ئاودا خنکان و تاوەکو ئێستا تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 21ـی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو کەسەکە کاژێر01:41ـی ئەمڕۆ خنکاون، گەڕان بۆ تەرمەکانیان دەستیپێکردووە".
سەبارەت بە ناسنامەی ئەوانەی گیانیان لە دەست داوە، شاخەوان سەعید گوتی، دوو هاووڵاتی عەرەبن، بە ناوەکانی ئیسماعیل رەعد مەحموود لە دایکبووی ساڵی 2000 و ئەیوب تارق مەحموود لەدایکبووی ساڵی 2008
گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، هەردوو گەنجەکە دانیشتووی گەڕەکی سەرکارێزن لە شاری هەولێر و ئامۆزای یەکدین، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمەکانیان دەرنەهێندراون.
بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ رووداو، ئەم ساڵ لە هەولێر و دەوروبەری 18 کەس لە ئاودا خنکاون.



