رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی لە سنووری پارێزگای هەولێر چوار کەس لە ئاودا خنکاون. تەرمی دوو لەوان نەدۆزراونەتەوە و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمرۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ تەرمی دوو گەنجی عەرەبمان دۆزییەوە کە لە سنووری قەزای خەبات لە زێی گەورەدا خنکابوون. لە دوو رووداوی دیکەش ئاگادارکراینەوە و تیمەکانمان رەوانەی ئەو شوێنانە کردووە و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە."
بەگوتەی شاخەوان سەعید، مێرمنداڵێکیش ئێوارەی ئەمڕۆ لە گۆمی کەسنەزان کەوتووەتە نێو ئاوەکەوە و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، هاونیشتمانییەکە تەمەنی 16 ساڵە و خەڵکی شاری هەولێرە.
لە رووداوێکی دیکەدا لە سنووری بەستۆرەی پارێزگای هەولێر، هاونیشتمانییەکی دیکە کەوتە نێو ئاو کە بەگوتەی شاخەوان سەعید، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو کەسە دەستنەکەوتووە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر 20 کەس لە ئاودا خنکاون.


