رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێ، دوای کۆبوونەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان، بڕیاردرا دابەشکردنەوەی بەنزین لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکانەوە بێ. جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێ، وەرگرتنی بەنزین بە کارتی ئەلیکترۆنی دەبێ.
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 21ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای کۆبوونەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان، بڕیاردرا کە بەنزین لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانەوە دابەشبکرێتەوە و پرۆسەکە لەژێر چاودێری ئەواندا بێ."
بەگوتەی هێمن قادر، سبەی لە هەولێر 30 تانکەری 36 هەزار لیتری بەسەر 30 بەنزینخانە یان زیاتردا دابەش دەکرێ و چاوەڕوان دەکرێ بۆ رۆژانی داهاتوو ئەو بڕە زیاتر بکرێ.
لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنی بەنزینەوە جێگری پارێزگاری هەولێر گوتی: "شۆفێران بە کارتی ئەلیکترۆنی (کۆبۆن) هەفتەی جارێک دەتوانن بچن لە بەنزینخانەکان بەنزین وەربگرن."


