رووداو دیجیتاڵ
یەکێتی زانایانی ئایینیی کوردستان فەتوایەکی بڵاوکردەوە و دەڵێ، هەر جووتیارێک دەرمان بۆ رەنگکردنی بەرهەمەکەی بەکاربهێنێ، پارەی داهاتەکەی حەرام دەبێ. بەرپرسانی عەلوە لە سلێمانی و هەولێر دەڵێن، بەرهەمی جووتیارانی نێوخۆ بێ پشکنین دەفرۆشرێ.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە 22ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەندێک جووتیار دەرمان بۆ بەهێزکردنی بەرهەمەکانیان بەکاردەهێنن. جووتیار هەیە هێندە دەرمانی بە تەماتەکەی داوە، دەرەوەی سوور و جوان دیارە و ناوەوەی هێشتا سەوزە".
لە فەتواکەی ئەنجوومەنی فەتوای یەکێتی زانایانی ئایینیی کوردستاندا هاتووە: "ههندێك له جووتیاران بۆ زیاتر به بازاڕكردنی بهروبوومه كشتوكاڵییهكانیان و شاردنهوهی كواڵیتی خراپ و دهستخستنی قازانجی زیاتر، ههڵدهستن به رهنگكردنی بهرههمهكانی وهك تهماته، شووتی، سێو، ههرمێ و چەندین جۆری دیکە".
یەکێتی زانایان دەڵێت: "رهنگكردنی بهروبوومه كشتوكاڵییهكان به ماده كیمیاییهكان دروست نییه و دهچێته خانهی فێڵكردن. ئهم كاره زیانی تهندروستی ههیه بۆ هاووڵاتییان. ههر كارێكیش زیان بگهیێنێت به هاووڵاتییان، حهرام و ستهمه و رهنگه ببێته مایهی توشبوونی بهكاربهر به چهندین نهخۆشی كوشنده".
لەبارەی پشکنینی بەرهەمەکانەوە، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "پشکنین دەکرێ، بەڵام زۆر کات رۆتینییە و بەشێوەیەک ناکرێ هەموو وردەکارییەکانی بەرهەمەکە ئاشکرا بکات، بەتایبەت بۆ بەرهەمی خۆماڵی".
سەروەر عەلی ئاماژەی بەوەکرد، دەرمانەکان تەنیا بۆ رەنگکردن لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەکارناهێندرێن، بەڵکو بۆ بەهێزکردن، زیاترکردنی بەرهەم و زوو پێگەیاندنی بەرهەمەکە دەدرێ.
ئەنجوومەنی فەتوای یەکێتی زانایان لە راگەیێندراوەکەدا رایگەیاندووە، بۆ دڵنیابوون لە فەتواکەیان راوێژیان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کردووە و زانیارییان لێوەرگرتوون.
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە عەلوەکان پشکنین بۆ هەموو ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانە دەکرێ کە هاوردە دەکرێن، بەڵام بۆ بەرهەمی خۆماڵی پشکنین ناکرێ".
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، بەرهەمی خۆماڵی راستەوخۆ لەلایەن جووتیارانەوە دەبرێتە عەلوەکان و دەفرۆشرێ، لەکاتێکدا ئەو بەرهەمانەی پشکنینی وردیان بۆ دەکرێ ئەوانەن لە خاڵە سنوورەکانەوە هاوردە دەکرێن و لە دەروازەکاندا پشکنینیان بۆ دەکرێت.



