رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی، هۆکاری ئاگرەکەی شەوی رابردووی نزیک چیای ئەزمەڕ شۆرتی کارەبا بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، مەزندە دەکرێ 200 بۆ 250 دۆنم پووش و پاوان سووتابێت.
ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 22ی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیک کاژێر 12ـی شەوی رابردوو، بە هاوکاری تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیسی دارستان و خۆبەخشانی سنوورەکە، ئاگرەکەی سنووری گوندی خەمزە و قولەڕەش کۆنترۆڵ کرا."
لەبارەی زیانەکانی رووداوەکەوە، هێمن کەمەرخان، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "لیژنەیەک بە هاوبەشی پۆلیسی دارستان و بەرگریی شارستانی، بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێندراوە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانەکان لەلایەن لیژنەکەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام مەزندە دەکرێ 200 بۆ 250 دۆنم پووش و پاوان سووتابێت."
هێمن کەمەرخان لە زاری شایەتحاڵان و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانەوە گوتی، "تاوەکو ئێستا جگە لە شۆرتی کارەبا هۆکارێکی دیکە دەستنیشان نەکراوە، بۆیە دەکرێ بەهۆی ئەو رەشەبا تووندەی شەوی رابردوو لە سلێمانی و چیای ئەزمەڕ هەڵیکردبوو، کێبڵێکی گشتیی تۆڕی کارەبا شۆرتی کردبێ و ئاگری لە ناوچەکە بەردابێ."



