رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی بەرەی گەل دەڵێ، لاهوور شێخ جەنگی "بارمتەی دوو کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستانە" و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر دۆسیەکە رێڕەوی یاسایی وەرنەگرێ، "هەڵوێستی تووندمان" دەبێت.
ئیسماعیل فارس ئاغا، ئەندامی سەرکردایەتیی بەرەی گەل، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، زیاتر لە ساڵێک بەسەر دەستبەسەرکردنی لاهوور شێخ جەنگیدا تێدەپەڕێ و تاوەکو ئێستا دۆسیەکەی یەکلایی نەکراوەتەوە.
ئیسماعیل فارس ئاغا ئاماژەی بەوەشکرد، لاهوور شێخ جەنگی داوای جێبەجێکردنی سەروەریی یاسا دەکات و دەیەوێ دادگاکان ببنە شوێنی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان لە هەرێمی کوردستان؛ گوتیشی: "کاک لاهوور ئێستا لە ژوورەوەیە و داوا دەکات سەروەریی یاسا جێبەجێ بکرێ. نەبووە تاوەکو ئێستا یەکێک لە ژوورەوە بێت و داوا بکات بڵێ کاکە وەرن دادگاییم بکەن".
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی دۆسیەکە، ئیسماعیل فارس ئاغا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بە "پەکخستنی دادگاکان" تۆمەتبارکرد و رایگەیاند: "بەداخەوە، دادگا لەلایەن حیزبی دەسەڵاتداری سلێمانییەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بگرە دادگای پێداچوونەوەش پەکخراوە، چونکە شەش لە ئەندامەکانیان کە سەر بە یەکێتین، بایکۆتیان کردووە و دەوام ناکەن".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی بەرەی گەل، پەکخستنی دادگای پێداچوونەوە راستەوخۆ پەیوەندی بە دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگییەوە هەیە، چونکە "نایانەوێ رێڕەوی یاسایی بگرێتەبەر".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی بەرەی گەل باسی لەوە کرد کە چارەنووسی لاهوور شێخ جەنگی بەستراوەتەوە بە چارەنووسی ئەو دوو کورسییەی کە بەرەی گەل لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەدەستیهێناوە. ئیسماعیل فارس ئاغا دەڵێت: "بێگومان ئەگەر دوو کورسییەکەی پێشکێش کردبایە، شەش مانگ پێش ئێستا دەهاتە دەرێ".
ئیسماعیل فارس ئاغا باسی لەوەش کرد، پێشنیازی رێککەوتنی عەشایەری و سیاسی بۆ لاهوور شێخ جەنگی کراوە، بەڵام ئەو هەموویانی رەتکردووەتەوە و لەو بارەیەوە گوتی: "داوایان لێکردووە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی (سوڵح) بکات، ئاشتەواییەکە بۆ دوو کورسییەکەیە یان بۆ هەر شتێکی دیکە، وردەکارییەکەی نازانین، بەڵام کاک لاهوور رازی نەبووە".
ئیسماعیل فارس ئاغا ئەوەشی خستەڕوو کە پێشتر "داوایان لێکردووە بچێتە دەرەوە و واز لە سیاسەت بهێنێت لە بەرامبەر ئازادکردنی، بەڵام کاک لاهوور رەتیکردووەتەوە".
بەرەی گەل هۆشداری دەدات کە ئەگەر لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دۆسیەکە نەجووڵێندرێ و رێکارە یاساییەکان دەستپێنەکەن، ئەوا هەڵوێستی دیکەیان دەبێت. ئیسماعیل فارس ئاغا گوتی: "چاوەڕێی ئەم هەفتەیە دەکەین. ئەگەر رێڕەوی یاسایی خۆی وەرنەگرت، زۆر رێگە هەیە بیگرینەبەر. ئەو کاتە هەڵوێستی تووندترمان دەبێت".

