رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سۆران رایگەیاند، لە 1ـی ئەیلوولی 2026ـەوە سیستەم و رێکارە نوێیەکان بۆ دابەشکردنی بەنزینی حکومیی پاڵپشتکراو لە بەنزینخانەکانی سنووری ئیدارەی سۆران جێبەجێدەکرێن و هەر ئۆتۆمبێلێک لە ماوەی 48 کاژێردا تەنیا 50 لیتر بەنزینی 750 دیناری پێدەدرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سۆران، هەر بەنزینخانەیەک کە بەنزینی حکومیی پاڵپشتکراو وەردەگرێت، نابێت هیچ جۆرە بەنزینێکی دیکەی وەک "موحەسەن" و "سوپەر" بفرۆشێت.
هاوکات مەرج بۆ پێشکێشکردنی وەرگرتنی بەنزینی پاڵپشتیکراو ئەوەیە کە دەبێت بەنزینخانەکە لە یەک کاتدا بتوانێت 8 ئۆتۆمبێل بەرێبکات.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، قازانجی خاوەن بەنزینخانەکان بۆ هەر لیترێکی بەنزینی 750 دیناری لە 20 دینارەوە بۆ 50 دینار زیادکراوە، و ئەم بڕیارە بەمەبەستی ئەوەیە بەنزینخانەکان لەبەرامبەر وەرگرتنی بەنزینی پاڵپشتکراو، دەست لە فرۆشتنی جۆرەکانی دیکەی بەنزین هەڵبگرن.
ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران بە رووداوی راگەیاند، بەنزینی 750 دیناری ئۆکتانی 92ـی هەیە و بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی کە بە کامێرا چاودێری دەکرێت، هەر ئۆتۆمبێلێک لە ماوەی 48 کاتژمێردا دەتوانێت تاوەکو 50 لیتر بەنزین وەربگرێت.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران گوتیشی، رۆژانە شەش بەنزینخانە لە سنووری ئیدارەی سۆران بەنزینی 750 دیناری دابەشدەکەن و کۆی بڕی بەنزینی دیاریکراو بۆ سنووری سۆران رۆژانە دەگاتە 216 هەزار لیتر.
لەلایەکی دیکەشەوە، هیچ بەنزینخانەیەک نابێت لە یەک کاتدا زیاتر لە هەشت ئۆتۆمبێل بۆ وەرگرتنی بەنزین رابگرێت؛ لە حاڵەتی پێشێلکردنی ئەم رێسایەدا، مافی وەرگرتنی بەنزینی حکومیی پاڵپشتکراو لەدەستدەدات.
بەنزین لە کوێ دابەشدەکرێت؟
بەیانییان
بەنزین لە بەنزینخانەکانی (شاخی رواندز لە قەزای خەلیفان، ژین لە بلێ و بناری گۆرەز لە قەزای ناوەندی سۆران) دابەشدەکرێت.
دوای نیوەڕۆ
بەنزین لە بەنزینخانەکانی (گول، کەورین، کاکە و دێلزیان لە قەزای ناوەندی سۆران، پیرەفات لە قەزای مێرگەسۆر و شاد لە قەزای رواندز) دابەشدەکرێت.


