رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، چەند رێنماییەکی نوێ بۆ خاوەن پرۆژە و کارگەکان بڵاودەکاتەوە و هۆشداری دەدات کە بەهێزیی با مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئاگر زیاتر دەکات.
بەرگریی شارستانیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە، 22ـی ئابی 2026 بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، پێویستە خاوەن پرۆژەکان، بەنزینخانەکان، کۆگا و کارگەکان، کێڵگەکانی پەلەوەر و هەموو ئەو شوێنانەی نزیک لە رووبەری پووش و پاوانن، رێکاری تووند بۆ پاراستنی گیان و سامانیان بگرنەبەر.
دروستکردنی بەربەستی ئاگر
بەرگریی شارستانی داوا دەکات هەموو پووش و پەڵاش و گیا وشکەکان لە دەوروبەری کۆگا و کێڵگەکان پاکبکرێنەوە. یەکێک لە رێکارە سەرەکییەکان بریتییە لە:
دروستکردنی هێڵی بەربەست (خەندەق یان کێڵان) بە پانی دە بۆ 15 مەتر لە دەوروبەری پرۆژەکان.
دوورخستنەوەی کارتۆن، تەختە، پاشماوەی رۆن و کەرەستە سووتێنەرەکان.
قەدەخەکردنی سووتاندنی پووش و پەڵاش بەمەبەستی پاککردنەوە، چونکە بەهۆی باوەوە ئاگرەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.
ئامێرەکانی ئاگرکوژاندنەوە و سیستەمی ئاگادارکردنەوە
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پێویستە لە شوێنە هەستیارەکاندا تانکەری ئاو، سۆندەی درێژ و پەستانی بەرز یان ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بەردەستبن. هەروەها داواکراوە:
-پشکنین بۆ قەوانە دەستییەکانی ئاگرکوژێنەوە بکرێت و دڵنیایی بدرێت لە بەسەرنەچوونیان.
-سیستەمی ئاگادارکردنەوەی دووکەڵ و گەرمی لە کۆگا و هۆڵەکاندا جێگیربکرێت.
-تانکییەکانی ئاوی تایبەت بە کوژاندنەوە هەمیشە پڕبن.
پشکنینی کارەبا و موەلیدەکان
بەرگریی شارستانی هۆشداری دەدات لە وایەری رووت و بەستەری ناتەندروستی کارەبا و داوا دەکات:
-ژێر تاوەرەکانی کارەبا و محەویلەکان بەردەوام پاکبکرێنەوە بۆ رێگری لە شۆڕتی کارەبا.
-موەلیدە و تانکی سووتەمەنی لە شوێنێکی دوور لە پووش و پاوان دابنرێن.
-کرێکار و کارمەندان راهێنانیان پێبکرێت لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی فریاگوزاری.
بەرگریی شارستانیی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان و خاوەنکارەکان دەکات، لەکاتی بینینی هەر دووکەڵ یان ئاگرێکدا، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی (115)ـەوە بکەن پێش ئەوەی ئاگرەکە بڵاوببێتەوە و کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بێت.


