رووداو دیجیتاڵ لە بازگەی سەوزبڵاخ، تۆمەتبارێک کە 24 باڵندەی کێوی و چەندین داوی راوکردنی پێبووە دەستگیرکرا. پۆلیسی دارستانی گەرمیانیش دەڵێت، تۆمەتبارەکە بەنیازبووە ئەو باڵندە و کەرەستانە بۆ راوکردنی "قوش" بەکاربهێنێت. هاشم عەلی، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ شەممە، 22ـی ئابی 2026، لە بازگەی سەوزبڵاخ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە تۆمەتبارێک دەستگیرکرا، کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان پاترۆڵی پێبووە." گوتەبێژی پۆلیسی دارستان ئاماژەی بەوەشکرد، لەناو ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکەدا دەست بەسەر 24 باڵندەی جۆری (کوڕکوڕ) و کۆمەڵێک داوی راوکردندا گیراوە، کە بەمەبەستی راوکردنی باڵندە شکارییەکان (قوش) ئامادەی کردبوون. دوای دەستگیرکردنی، تۆمەتبارەکە رادەستی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قۆرەتوو کراوە. هاشم عەلی گوتی: "بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی کەلار، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە رێکخراوە و راگیراوە." پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان سوپاسی کارمەندانی ئاسایشی لە بازگەی سەوزبڵاخ کرد، کە رێگرییان لەم تاوانە ژینگەییە کردووە و راوچییەکی نایاساییان رادەستی دادگا کردووە.
هەواڵە ناوخۆییەکان22-08-2026بەرگریی شارستانیی هەولێر چەند رێنماییەک بۆ رێگری لە ئاگرکەوتنەوە بڵاودەکاتەوە