رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر لە پلانیدایە بڕێک پارە بۆ چوونەژوورەوەی هاوەڵی سێیەم (یان زیاتر)ـی هەر نەخۆشێک دیاری بکات. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت، ئامانج لەوە پاراستنی کەرەستە و باڵەخانەی نەخۆشخانەکەیانە.
رۆژی شەممە، 22ـی ئابی 2026، د. نوورجیهان عەلی شەعبان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانە پێشنیازێکمان خستووەتەڕوو بۆ پاراستنی کارە جوانەکانی نێو نەخۆشخانە و نۆژەنکردنەوەکان، بڕێک پارە بۆ هاتنەژوورەوەی هاوەڵی نەخۆشەکان دیاری بکەین."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری گوتی: "زۆرجار نەخۆشەکان زیاتر لە پێنج هاوەڵیان لەگەڵدایە کە ناپێویستن و هەریەکەیان بەجۆرێک زیان بە کەرەستەکانی نێو نەخۆشخانە دەگەیێنن، بۆیە بۆ ئەوەی ئەو قەرەباڵغییە کەمبکەینەوە، ناچارین ئەم هەنگاوە بگرینەبەر."
لە بەشێکی نەخۆشخانەکانی عێراق هەر نەخۆشێک لە دوو هاوەڵ زیاتری لەگەڵ بێت، هاوەڵی سێیەم و ئەوانی دیکە، بۆ هەر یەکێکیان پێنج هەزار دینار وەردەگیرێت. بە گوتەی د. نوورجیهان پێشنیازەکەی ئەوانیش بەوجۆرەیە، بەڵام هێشتا بەفەرمی پێشنیازەکەیان بۆ حکومەت نەناردووە.
لەبارەی نۆژەنکردنەوەکان و خزمەتگوزارییەکانی نێو نەخۆشخانەکە، د. نوورجیهان عەلی دەڵێت: "بەشی قوڕگ، لووت و گوێ بەجۆرێک نۆژەنکراوەتەوە کە زۆر سەردەمییانەیە و لە نەخۆشخانە تایبەتەکانیش پێشکەوتووترە. هەروەها هۆڵی نەشتەرگەرییش بە ستانداردی جیهانی نۆژەنکراوەتەوە."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری ئاماژە بەوەشدەکات، لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەرجەم کارەکانی نۆژەنکردنەوە تەواو دەبن و نەخۆشخانەکە بە توانایەکی زیاترەوە پێشوازی لە نەخۆشەکان دەکات.
نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری لە ساڵی 1979 بەردی بناخەی دانراوە. دوای تەواوبوونی، لە ساڵی 1984ـدا پێشوازی لە نەخۆش کردووە.


