رووداو - رادیۆ
بەشێکی هاونیشتمانییان لە پارێزگای هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی خۆیان لەئاست خراپیی خزمەتگوزارییەکانی سەنتەری پەیوەندیی پڕۆژەی رووناکی (1992) دەردەبڕن و دەڵێن، پەیوەندییەکانیان وەڵام نادرێتەوە و باڵانسێکی زۆریشیان دەڕوات.
عادل باقی، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی ناحیەی سیروانە لە پارێزگای هەڵەبجە، بە رادیۆی رووداوی گوت: "چەندین جار پەیوەندیم بە ژمارە 1992 کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پسوولەکانم، بەڵام پەیوەندییەکەم هەر لە چاوەڕوانیدایە و کەس بەدەممانەوە نایەت."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بەوە دەکات، جار هەیە "10 خولەک لەسەر هێڵ دەمێنێتەوە"، ئەمەش دەبێتە هۆی تەواوبوونی باڵانسی مۆبایلەکەی بەبێ ئەوەی هیچ وەڵامێکی دەستبکەوێت.
عادل دەشڵێت، تەنانەت لە واتسئەپیش تەنیا پەیامێکی ئۆتۆماتیکی بۆ دێتەوە کە دووبارە داوای لێ دەکات پەیوەندی بە هەمان ژمارەوە بکاتەوە.
بۆچی هێڵەکە بە پارەیە؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی دان بە بوونی جەنجاڵی لەسەر هێڵەکاندا دەنێن. ئەندامێکی تیمی پڕۆژەکە بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "ئێمە ئاگاداری کێشەکەین و لە ماوەیەکی نزیکدا فەرمانبەری زیاتر بۆ سەنتەری پەیوەندییەکان (Call Center) زیاد دەکەین تاوەکو هاونیشتمانییان زۆر لە چاوەڕوانیدا نەمێننەوە."
سەبارەت بەو رەخنانەی کە دەڵێن بۆچی پەیوەندیکردن بە هێڵی 1991 و 1992 بە پارەیە، تیمی پڕۆژەکە هۆکارەکەی بۆ بڕیارەکانی بەغدا دەگەڕێننەوە و دەڵێن: "ئێمە داوامان لە دەستەی گەیاندن لە بەغدا کردووە هێڵەکە بکرێتە بێبەرامبەر، بەڵام ئەوان وەڵامیان داینەوە کە تەنیا خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان (Emergency) دەکرێنە بێبەرامبەر و پڕۆژەی ڕووناکی ئەو بڕیارە نایگرێتەوە."
هاونیشتمانییان داوا دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان گوشار بخاتە سەر کۆمپانیاکانی گەیاندن بۆ کەمکردنەوەی تێچووی پەیوەندیکردن بەم هێڵانە، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، تێچووەکەی لە پەیوەندییە ئاساییەکان زۆر زیاترە.
تیمی پڕۆژەی رووناکی دووپاتی دەکەنەوە کە کار لەسەر هەردوو هێڵی 1991 و 1992 دەکەن بۆ ئەوەی لە رێگەی زیادکردنی ستافەوە، کاتی وەڵامدانەوە کورت بکەنەوە و رێگری لە بەفیڕۆچوونی باڵانسی هاونیشتمانییان بگرن.


