رووداو دیجیتاڵ پۆلیسی دهۆک دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند، کە ڤیدیۆیەکی کۆنی وەک رووداوێکی نوێی خۆکوشتن لەنێو سەنتەری شارەکەدا بڵاوکردبووەوە. ئەمەش کاردانەوەی لێکەتووەتەوە ترس و دڵەڕاوکێی لە ناو خەڵک دروستکردووە. رۆژی یەکشەممە 23ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو کەسێک لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو، کەسێک لەنێو سەنتەری دهۆک خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت هەواڵەکە دوورە لە راستییەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پۆلیس:"ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە سەرتاشە، تەنیا بە مەبەستی زیادکردنی بینەر و ئەکتیڤی پەیجەکەی، ئەو کارەی کردووە. ڤیدیۆکە تەنیا لە ماوەی دوو کاژێردا زیاتر لە دوو هەزار بینەری هەبووە و ترس و دڵەراوکێی لەنێو خەڵکدا دروستکردووە". پۆلیسی دهۆک روونیکردەوە، دوای بەدواداچوونی ورد، دەرکەوت ڤیدیۆکە لە ساڵی 2021 و لە سەردەمی کۆرۆنا تۆمار کراوە و لە ڤیدیۆکەدا کەسێک خۆی دەکوژێت و ئەوکاتیش ڤیدیۆکە بڵاوکرایەوە، بەڵام تۆمەتبارەکە (سەرتاشەکە) ویستوویەتی وەک رووداوێکی نوێ نیشانی بدات بۆ بەرزکردنەوەی ئەکتیڤ. پۆلیسی دهۆک دەڵێت، تۆمەتبارەکە هەر هەمان رۆژ دەستگیرکراوە، بەپێی مادەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
هەواڵە ناوخۆییەکان23-08-2026کێشەی هێڵی 1992؛ بەشێکی هاونیشتمانییان دەڵێن "باڵانسمان دەفەوتێت و وەڵاممان نادرێتەوە"