رووداو دیجیتاڵ
ماوەی چەند رۆژێکە دەنگۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە گوایە "تارماییەک" یان ژنێک بە عەبای رەشەوە لە گەڕەکەکانی کۆیە خەڵک دەترسێنێت، بەڵام پۆلیس و ئاسایشی ناوچەکە دەنگۆکە رەتدەکەنەوە و بە "بێبنەما" و "فیلم" ناوی دەبەن.
رۆژی یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، عەمید عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوونەتەوە هیچ راستییەکیان تێدا نییە؛ گوتیشی: "نە هیچ کەسێک سکاڵای تۆمار کردووە و نە کەسیش لەسەر ئەو بابەتە لای ئێمە دەستگیر کراوە، ئێمە هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە."
بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە باسی لەوەش کردەوە کە ئەوان بەبێ هەبوونی سکاڵا و بڕیاری دادوەر ناتوانن کەس دەستگیر بکەن.
هەروەها سەرچاوەیەک لە ئاسایشی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە هەبوونی تارمایی یان ژنێکی عەبا رەش بڵاوکراونەتەوە تەنیا "خورافەن" و هیچ راستییەکیان بۆ نییە؛ ئامانج لێی تەنیا تێکدانی ئارامیی ناوچەکە و دوودڵکردنی خەڵکە.
سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆیەی کە دەگوترێت تارماییەکە لە گەڕەکێکی کۆیە، سەرچاوەکەی ئاسایش روونیکردەوە: "بەدواداچوونمان بۆ ئەو گرتە ڤیدیۆیە کرد و دەرکەوت لە فیلمێکی ترسناکی میسرییەوە هێنراوە و بەکارهێندراوەتەوە بۆ تێکدانی دەروونیی خەڵک."
ئاسایشی کۆیە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بابەتەکە دوورە لە راستی و هۆشداریش دەدات کە ئەوانەی خەڵک دەترسێنن و دەنگۆی ناڕاست بڵاودەکەنەوە، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.



