رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی چەند گوندێکی سنووری ناحیەی دارەشەکران دەڵێن، لە ساڵی 2021ـەوە کرێی ساڵانەی زەوییەکانیان لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە پێنەدراوە. بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، ئەوان نووسراویان بۆ پارێزگا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە و "ئێستا بڕیارەکە لە دەستی وەزارەتدایە."
دانیشتووانی گوندەکانی مەنداوا و چڕا لە سنووری ناحیەی دارەشەکران لە قەزای پیرمام، دەڵێن، سەرەڕای ئەوەی هەناردەی نەوت راگیراوە، بەڵام ئامێر و کەمپی کۆمپانیاکان هێشتا لەسەر زەوییەکانیان ماونەتەوە و رێگرییان لێدەکەن وەک زەوییەکی کشتوکاڵی سوودی لێببینن.
عەزیز ئەبوبەکر، هاونیشتمانییەکی گوندی مەنداوایە و خاوەنی 22 دۆنم زەوییە کە پێشتر کۆمپانیاکانی وەک "شێڤرۆن" و "گەنەڵ ئینێرجی" کەمپیان لەسەر دروستکردووە. ئەو بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لەوکاتەی هەناردەی نەوت راگیرا، کۆمپانیاکان دۆسیەکانیان رادەستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردەوە و چیدی کرێیان پێنەداوین."
ئەو جووتیارە دەڵێت، پێشتر ساڵانە حەوت ملیۆن دیناری وەک کرێ و قەرەبوو وەرگرتووە، بەڵام ئێستا نە پارەکەی هەیە و نە دەشتوانێت زەوییەکەی بکێڵێت، چونکە کابینەکان هێشتا لەسەر زەوییەکەی ماونەتەوە.
هەروەها شەوکەت یوسف ئەحمەد، موختاری گوندی چڕا دەڵێت، تەنیا لە گوندەکەی ئەواندا 30 جووتیار هەمان کێشەیان هەیە و نزیکەی 120 دۆنم زەوی بەهۆی پرۆژە نەوتییەکانەوە پەکخراوە. موختاری گوندەکە دەڵێت: "لە ساڵی 2022ـەوە هیچمان وەرنەگرتووە، زۆربەی ئەم زەوییانە وەرەسەن و چەندین خێزان بژێوییان لەسەر بوو، بەڵام ئێستا نە پارەمان هەیە و نە زەوی."
سەبارەت بە هەوڵەکانی ئیدارەی ناوچەکە بۆ چارەسەری کێشەکە، کامەران حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەشەکران بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەوان سکاڵای جووتیارانیان بەفەرمی بەرزکردووەتەوە و گوتی: "نووسراومان بۆ پارێزگا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە، ئەوان بڕیاردەدەن کەی پارەکە خەرجدەکەن."
بەڕێوەبەری ناحیەی دارەشەکران جەختی لەوەشکردەوە کە داواکاریی جووتیاران یاساییە، چونکە زەوییەکانیان کشتوکاڵی بوون و بەهۆی پرۆژە نەوتییەکانەوە خاوەنەکانیان زەرەرمەند بوون، بۆیە دەبێت بەپێی یاسا قەرەبوو بکرێنەوە.
بەپێی گوتەی جووتیاران، کاتێک سەردانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیان کردووە، پێیانگوتراوە کە "پارە نییە و دەبێت چاوەڕێبکەن."



