رووداو دیجیتاڵ
بانکی ئاڕتی (RT Bank) وەڵامی ئەو مووچەخۆرانە دەداتەوە کە لەکاتی راکێشانی مووچەکانیان لەرێگەی پرۆژەی (هەژماری من) تووشی گرفتی پەککەوتنی ئامێرەکانی ATM دەبن. هاوکات هۆشدارییەکی تووندیش دەداتە هاونیشتمانییان لە جۆرە فێڵێکی ئەلیکترۆنی کە تێیدا تاوەکو چوار هەزار دۆلار لە هەژماری بەشداربووان دزراوە.
ئیلیان سەڵاحەدین، گوتەبێژی بانکی ئاڕتی، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، هۆکاری سەرەکیی گرفتی ئامێرەکان لە رۆژانی دابەشکردنی مووچەدا بۆ "لۆدی زۆر" و گرفتەکانی هێڵی ئینتەرنێت دەگەڕێتەوە، چونکە وەک ئەو دەڵێت: "لە رۆژی یەکەمی دابەشکردنی مووچەدا گوشاری سەر ئامێرەکان چوار ئەوەندەی رۆژانی ئاساییە."
گوتەبێژی بانکی ئاڕتی دڵنیاییدایە مووچەخۆران کە یەک دیناری کەس نافەوتێت و گوتی: "هەر کێشەیەکی تەکنیکی هەبێت، دوای پەیوەندیکردن بە بانکەوە لە ماوەی کەمتر لە 48 کاژێردا چارەسەردەکرێت." ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێکجار بەکارهێنەران پێش دابەزینی فەرمیی مووچە، چەندینجار هەوڵی راکێشانی پارە دەدەن، ئەمەش وادەکات ئامێرەکە بۆ پاراستنی هەژمارەکە بەکارهێنانەکەی سنوورداربکات.
هۆشداری لە فێڵی ئەلیکترۆنی
ئیلیان سەڵاحەدین ئاماژەی بە جۆرە فێڵێکی ئەلیکترۆنی دا کە تێیدا چەندین هاونیشتمانی بوونەتە قوربانی و گوتی: "چەندین کەیسمان بۆ هاتووە کە لەرێگەی لینکی ساختەی ڤیزای وڵاتانی وەک ئوسترالیا و بەریتانیا فێڵ لە بەکارهێنەران کراوە؛ داوای وێنەی کارت و کۆدی نهێنی (OTP)ـیان لێکراوە و دواتر بڕی سێ هەزار بۆ چوار هەزار دۆلار لە هەژمارەکانیان دزراوە."
بانکەکە داوا لە هاونیشتمانییان دەکات بەهیچ جۆرێک زانیاریی کارت و کۆدی نهێنییەکەیان بە تەلەفۆن یان لینکی گوماناوی بە کەس نەدەن.
بانکی ئاڕتی کە ئێستا خاوەنی نزیکەی یەک ملیۆن بەشداربووە، رایگەیاند، ژمارەی ئامێرەکانیان لە 350 ئامێر تێپەڕیوە و بۆ کەمکردنەوەی لۆد و گوشارەکان، ئامێری نوێیان لە هەولێر، هەڵەبجە، گەرمیان و ناوچە جیاجیاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان داناوە.



