رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی شارەوانیی رۆڤیا رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و پێشمەرگە لە سنوورەکەیان خێرا کراون و پێشبینی دەکرێت سێ هەزار کەس سوودمەند بن. دەشڵێت، ئێستا 800 پارچە زەوی ئامادەیە و کار بۆ فراوانکردنی ماستەرپلانی ناحیەکە دەکەن. زەید سەلیم، سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی رۆڤیا لە پارێزگای دهۆک، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو رایگەیاند: "دوای دەرچوونی بڕیاری دابەشکردنی زەوی، دەستبەجێ دەستمان بە رێکارەکان کردووە و تاوەکو ئێستا 800 پارچە زەویمان ئامادە کردووە و لە قۆناخی کۆتاییدایە بۆ ئەوەی رادەستی سوودمەندبووانی بکەین." سەبارەت بە ژمارەی فۆرمەکان، زەید سەلیم ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا 2400 فۆرمی فەرمانبەران گەیشتووەتە دەستیان و گوتی: "پێشبینی دەکەین بە هاتنی فۆرمی فەرمانبەرانی گرێبەست کە نزیکەی 500 کەسن، کۆی سوودمەندبووان بگاتە سێ هەزار کەس." سەرۆکی شارەوانیی رۆڤیا تیشکی خستە سەر گرفتێکی تەکنیکی لە پڕۆسەی کوژاندنەوەی زەوییەکان و رایگەیاند، خاوەن زەوییەکان داوا دەکەن قەرەبووکردنەوەکە بەپێی "واقیعی حاڵ" بێت نەک تەنیا پشکی ناو تۆمارەکە، و گوتی: "لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەر بکەن." بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی زەویش، شارەوانیی رۆڤیا داوای فراوانکردنی ماستەرپلانی ناحیەکەی کردووە. زەید سەلیم گوتی: "داواکارییەکمان بەرزکردووەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانان لە هەولێر بۆ ئەوەی نزیکەی 2000 دۆنم زەوی بۆ ماستەرپلانەکە زیاد بکرێت، تاوەکو بتوانین زەوی بۆ هەموو فەرمانبەران دابین بکەین." سەرۆکی شارەوانیی رۆڤیا باسی لە پڕۆژەی جووتسایدی سەنتەری ناحیەکە کرد و رایگەیاند، پڕۆژەکە پێنج کیلۆمەترە و 80%ی کارەکانی تەواو بووە. ماوەی سێ رۆژە بەڵێندەر گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی بۆ تەواوکردنی ئەو 500 مەترەی کە ماوە. پڕۆژەکە جگە لە قیرکردن، ئاوەڕۆ، رووناکی و سەوزاییش لەخۆدەگرێت و لە ماوەیەکی کەمدا رادەست دەکرێت."
هەواڵە ناوخۆییەکان24-08-2026لە دهۆک ئۆتۆمبێلی تایبەت چوار رۆژ جارێک و تاکسی دوو رۆژ جارێک بەنزین وەردەگرن