رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی کامێراکانی سەرپێچیی تیژڕۆیی لە جۆری خاڵ بۆ خاڵ لە نێوان قەزاکانی کەلار و کفری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کەوتنە کار، دانانی کامێرا لە نێوان کەلار و دەربەندیخان چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
موقەدەم جاسم محەممەد عەلی خان، بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دانانی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە نێوان کەلار و دەربەندیخان دەستیپێکردووە، ستوونەکان تەواو کراون و بەشێکی کامێراکان دانراون."
کۆمپانیای جێبەجێکار لە قەزای کەلارەوە دەستیکردووە بە دانان و بەستنی کامێراکان، تاوەکو نزیک ناحیەی پێباز کامێراکان دانراون و پرۆسەی دانانەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو سەنتەری قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی.
بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان باس لە خێرایی رۆیشتن لە رێگەکە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، جگە لە نزیک پردی ژاڵەناو و بانی خێڵان، کە خێرایی رۆیشتن نابێت لە 80 کیلۆمەتر زیاتر بێت لە کاژێرێکدا، تەواوی رێگەکە خێرایی رێگەپێدراو تێیدا 100 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا.
رێگەی نێوان کەلار - دەربەندیخان، نزیکەی ساڵێکە بە تەواوی کراوەتە دووساید. جاسم محەممەد گوتی، کامێراکان بە تەواویش دابنرێن پێش کارکردنی فەرمی شۆفێران ئاگادار دەکەنەوە.
لە 07-06-2026 کامێراکانی سەرپێچیی تیژڕۆیی لە جۆری خاڵ بۆ خاڵ لە نێوان قەزاکانی کەلار و کفری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی کەوتنە کار.
خێرایی لە رێگەی کەلار - کفری 100 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا، بەڵام لە گوندەکان دەبێتە 60 کیلۆمەتر و نزیک قەزای رزگاریش بەرزترین خێرایی رێگەپێدراو دەبێتە 80 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان گوتی، لە نێوان کەلار و دەربەندیخان هیچ جێگەیەک نییە خێرایی رێگەپێدراو کەمبکرێتەوە بۆ 60 کیلۆمەتر بێت لە کاژێرێکدا.
جگە لە کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی تیژڕۆییی خاڵ بۆ خاڵ، چەند جۆرێکی دیکەی کامێرا بۆ هەمان ئامانج دانراون یان رۆژانە دادەنرێن، لەوانە کامێرای جێگیر کە لە یەک خاڵدا خێرایی تۆمار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جۆری کامێرا هەن کە گەڕۆکن و پۆلیس و ئەفسەرانی هاتووچۆ هەر جارە و لە رێگەیەکدا دایدەنێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دانانی کامێراکان بۆ بەرژەوەندیی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە. هاونیشتمانیانیش نیگەرانن لە بەرزیی نرخی سزای سەرپێچییەکان، کە لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 230 هەزار دینار.
لە زۆربەی رێگە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچیی خێراییی تیژڕۆیی دانراون.


