رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بە چەندین شێوازی جیاواز، یادی مەولوود دەکرێتەوە، نزیکەی 100 کەس بەشداری هەڵمەتی خوێن بەخشین دەکەن، سەرۆکی کۆمەڵەی خوێنبەخشانی کوردستان دەڵێت، "بەگوێرەی پێویست خوێن دەبەخشین، ئەگینا ژمارەیەکی زیاتری خوێن بەخشان ئامادەن خوێن ببەخشن".
ئەمڕۆ 25ـی ئابی 2026، عەبدولقەهار عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی خوێنبەخشانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "زیاتر لە 15 ساڵە لە یادی مەولوود هەڵمەتی خوێن بەخشین رێکدەخەین، ئەمڕۆ لە کاژێر 9:00ـی بەیانیی خوێن بەخشین دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێوارە بەردەوام دەبێت".
عەبدولقەهار عەلی دەڵێت، "ئەو کەسانەی سەردانی بانکی خوێن دەکەن پشکنینیان بۆ دەکرێت و دواتر خوێنیان لێ وەردەگیرێت، ئەمڕۆ 100 کەس دیاریکراون بۆ خوێن بەخشین، چونکە خوێن بەخشینەکە بەگوێرەی پێویستی دەبێت، ئەگینا ژمارەیەکی زۆرتری ئەندامانی کۆمەڵەی خوێنبەخشانی کوردستان ئامادەن خوێن ببەخشن".
کۆمەڵەی خوێنبەخشانی کوردستان زیاتر لە 11 هەزار ئەندامی هەیە، عەبدولقەهار عەلی دەڵێت: "هەندێک جۆری خوێن کەمە، ئێمەش ئەمڕۆ ئەو کەسانەمان دەستنیشان کردووە کە هەڵگری ئەو جۆرە خوێنانەن، بۆ ئەوەی رێژەی خوێنی (ناقس) لە بانکی خوێن پڕبکەنەوە".
رۆژانە تووشبووانی تالاسیمیا لە هەولێر پێویستیان بە نزیکەی 60 بووتڵ خوێنە، سوڵتان سالار، بەرپرسی راگەیاندنی لقی هەولێری کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان دەڵێت "بەخشینی ئەم خوێنە بۆ تووشبووانی تالاسیمیا زۆر گرنگە، چونکە بەردوام بۆ مانەوە لە ژیان پێویستمان بە خوێنی ئەو کەسانەیە کە خوێن دەبەخشن".



