رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان رایگەیاند، "ئەركی سەر شانی دەوڵەتی عێراقە كە قەرەبووی هەموو ئەو تاوان و پێشێلكاریانە بكاتەوە كە لەدژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون".
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لەدرێژەی زنجیرە تاوانەكانی رژێمی پێشووی عێراق لە سەدەی بیستەم، لە بیست و پێنجی ئابی 1988 هەتا شەشی ئەیلوولی 1988 رژێمی عێراق هەڵمەتێكی نامرۆڤانەی لە بەشێكی زۆری ناوچە و گوندەكانی دەڤەری سەربەرزی بادینان بەڕێوە برد. لەو پیلانەدا تاوانی كیمیابارانكردن و گرتن و كوشتن و راگواستنی زۆرەملێ و ئەنفالی هاووڵاتیانی بێ تاوان لە لایەن هێزەكانی رژێمی ئەو كاتی عێراقدا جێبەجێ كرا. لە ئەنجامی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە بە هەزاران هاووڵاتیی كوردستان كۆمەڵكوژ و بێ سەروشوێن و ئاوارە كران و سەدان گوندیش خاپوور و وێران بوون".
دەشڵێت، "ئامانجی سەرەكیی رژێم لەو تاوانە گەورەیە گۆڕینی دیموگرافی كوردستان و جێبەجێكردنی سیاسەتی زەویی سووتاو و شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان بوو. بەڵام ئیرادەی پۆڵایینی گەلی كوردستان بۆ مانەوە و ئازادیخوازی سەركەوت و ئەوە دووژمنان و تاوانباران بوون كە رووخان و بوونە پەندی رۆژگار".
سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوەش دەکات، "لە یادی سی و هەشت ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفالی بادینان و گەرمیان و بارزان و تێكڕای شەهیدانی رێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین. لەو یادە دڵتەزێنەدا رایدەگەیێنین ئەركی سەر شانی دەوڵەتی عێراقە كە قەرەبووی هەموو ئەو تاوان و پێشێلكاریانە بكاتەوە كە لەدژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون".



