هونەر حەمید - گەرمیان
پرۆسەی دەرکردنی مۆڵەتی تەندروستی بۆ شوێنکارەکان و پێدانی کارتی تەندروستی بە کرێکاران لە گەرمیان دراوە بە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت، ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان بە رادەیەکی بەرچاو. گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیانیش دەڵێت، بڕیارەکە گشتگیرە و هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، رسوماتی دەرکردن و نوێکردنەوەی مۆڵەتی تەندروستی بۆ شوێنکارەکان بە رێژەی 40% زیادیکردووە. هاوکات تێچووی دەرکردنی ناسنامەی تەندروستی بۆ کرێکارانیش بە هەمان شێوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
بۆ پیشەکانی وەک دەلاک، قەساب و خاوەن ساڵۆنەکان، پێشتر 17 هەزار دینار وەردەگیرا (15 هەزار بۆ پشکنین و 2 هەزار بۆ چاپ)، بەڵام ئێستا نرخەکە بووەتە 23 هەزار دینار؛ بە جۆرێک تێچووی چاپی کارتەکە لە 2 هەزارەوە بۆ 8 هەزار دینار بەرزبووەتەوە و ئەو زیادەیەش بۆ کۆمپانیاکەیە.
هەروەها بۆ کرێکارانی نانەواخانە، چایچی و چێشتخانەکان، نرخەکە لە 5 هەزار دینارەوە بووەتە 11 هەزار دینار. تێچووی چاپکردنی کارت بۆ ئەم پیشانەش هاوشێوەی ئەوانی دیکە گەیشتووەتە 8 هەزار دینار.
ئازاد حەمەفەرەج، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵانی پێشوو بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستی رێگەپێدانی بۆ خاوەنکار و کارمەندەکان دەکرد، ئێستا کۆمپانیا کارتەکە دەردەکات."
گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیاکە لەمساڵەوە لە گەرمیان دەستبەکاربووە و پێشتر لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کاری کردووە. جەختیشی کردەوە ئەمە بڕیاری وەزارەتی تەندروستییە بۆ هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و تەنیا تایبەت نییە بە گەرمیان، هەموو شەش مانگ جارێک دەبێت خاوەن کارەکان مۆڵەتەکانیان نوێ بکەنەوە.



