رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی کۆڵانێکی گەڕەکی سێتاقان لە هەولێر دەڵێن، کۆڵانەکەیان بووەتە جێگرەوەی ترافیکلایت بۆ پاس و تەکسییەکان، ئەوەش مەترسیی گەورەی لەسەر ژیانی منداڵەکانیان دروستکردووە. بەڕێوەبەری شارەوانیی یەکیش دەڵێت، "ئامادەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لەگەڵ هاتووچۆ کۆببینەوە."
بەپێی بەدواداچوونێکی رادیۆی رووداو، ئەو کۆڵانە دەکەوێتە بەرامبەر هۆتێل دیدەمان و نزیک مزگەوتی حاجی موراد لە گەڕەکی سێتاقان، پانییەکەی تەنیا 10 مەترە، بەڵام ئێستا بووەتە رێڕەوێکی سەرەکی بۆ پاسەکانی هێڵی گواستنەوەی گشتی.
ئەحمەد عەزیز، دانیشتووی کۆڵانەکە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "کۆڵانەکەمان دەکەوێتە نێوان شەقامی کۆیە و کۆڵانی فافۆنفرۆشان، شۆفێری پاس و تەکسییەکان بۆ ئەوەی لە ترافیکلایتەکان رزگاریان بێت، کۆڵانە 10 مەترییەکەی ئێمە وەک کورتەبڕ بەکاردەهێنن."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، ژیانی منداڵەکانیان لە مەترسیدایە، "منداڵەکەم دوو جار ئۆتۆمبێل لێی داوە؛ پاسی هێڵەکانی شۆڕش و رزگاری بە خێراییەکی زۆر بە ناو کۆڵانەکەدا تێدەپەڕن و تەنانەت گەورەکانیش ناتوانن بە ئارامی پیاسە بکەن."
دانیشتووانی گەڕەکەکە واژۆیان کۆکردووەتەوە و سەردانی شارەوانییان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان وەرنەگرتووە. پێشتر دانیشتووانی گەڕەکەکە خۆیان بەربەستی کۆنکرێتییان بۆ داخستنی کۆڵانەکە داناوە، بەڵام لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆوە لادراون.
شارەوانی: لەگەڵ هاتووچۆ لەسەر هێڵ دەبین
ئەندازیار سەنگەر محەممەد، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک لە هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە نیشاندا و گوتی، "داوا دەکەین نوێنەری گەڕەکەکە بە فەرمی سەردانی شارەوانی بکەن تاوەکو رێکارەکان دەستپێبکەین. هەرچەندە دیاریکردنی ئاراستەی هاتووچۆ لای بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆیە، بەڵام ئێمە لەگەڵیان لەسەر هێڵ دەبین."
بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک جەختی لەوە کردەوە، پاراستنی گیانی هاونیشتمانییان لە سەروو هەموو شتێکەوەیە و دوای سەردانی نوێنەری گەڕەکەکە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ هاتووچۆ دەکەن بۆ ئەوەی چارەسەرێکی گونجاو بدۆزنەوە.



