رووداو دیجیتاڵ
هەندێک هاوبەشی پڕۆژەی رووناکی دەڵێن، سەرباری دانەوەی قەرزەکانیان، هێشتا بێ کارەبان. رووداو کێشەی ئەوانی گەیاندە پڕۆژەی رووناکی، بەڵێنیان پێدراوە کێشەیەکەیان چارەسەر بکرێ.
نەواف خەلەف، هاونیشتیمانییەکی دانیشتووی ناحیەی شاوەیس لە هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 25-08-2026 بە رووداوی راگەیاند، "بڕێک پارە قەرزدار بووم و کارەبایان بڕی. هەمان رۆژ پارەی قەرزەکەم لە رێگەی ئی پسوولەوە نارد، بەڵام 15 رۆژە کارەبام نەهاتووەتەوە."
ئەو هاوبەشەی پڕۆژەی رووناکی دەڵێت، "چوار جار سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی فرۆشیاری وزەی دووم کردووە، بەڵام بە گوتەی ئەو، تەنیا بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەیان پێداوە و تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ گەڕاندنەوەی کارەباکەی نەنراوە."
نەواف خەلەف دەڵێت، 6 جار پەیوەندیی بە هێڵی گەرمی پرۆژەی روناکییەوە کردووە، پێی گوتراوە "دوای چەند خولەکێکی دیکە کارەباکەت دێتەوە."
بەپێی قسەکانی خەلەف، دواین هەوڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای شاوەیس بووە و پشکنینی پێوەری کارەبای ماڵەکەشیان کردووە، بەڵام هیچ کێشەیەکی تێدا نەدۆزراوەتەوە. سەرباری ئەوەش، تاوەکو ئێستا کارەبای ماڵەکەی بۆ نەگەڕێندراوەتەوە.
رووداو قسەی لەگەڵ تیمی پرۆژەی روووناکی کرد، ئەوان بە رووداویان راگەیاند، "ئاگاداری کێشەی ئەو هاونیشتمانییەن و سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن."



