رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای بوونی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کە نابێت پارەی تاوتوێکردنی نامەی ماستەر و دکتۆرا لەسەر خوێندکار بێت، بەڵام بەشێکی خوێندکاران دەڵێن، "ناچار دەکرێن" ئەو پارەیە بدەن، کە بۆ نامەی ماستەر نزیکەی یەک ملیۆن دینار و بۆ دکتۆرا زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینارە. زانکۆکان دان بەوەدا دەنێن، بەهۆی قەیرانی داراییەوە خوێندکاران بۆ "ئاسانکاری" پارەکە دەدەن و دواتر بۆیان دەگەڕێندرێتەوە، بەڵام خوێندکاران دەڵێن، پرۆسەی گەڕاندنەوەی پارەکە زۆر دوادەکەوێ یان هەر بۆیان ناگەڕێندرێتەوە.
تاڤگە حوسێن، هاونیشتمانییەکە کە مانگی ئایاری ئەم ساڵ نامەی ماستەرەکەی لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین تاوتوێ کرد، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی، "925 هەزار دینارم داوەتە لیژنەی گفتوگۆ، کە پێدانی پارەکە ناچارییە. 300 هەزار دینار بۆ سەرپەرشتیار، 200 هەزار بۆ هەر ئەندامێکی دەرەوەی شار و 150 هەزار بۆ ئەندامی نێو شار."
جگە لە پارەی لیژنە، خەرجیی دیکەش دەکەوێتە ئەستۆی خوێندکار. تاڤگە دەڵێت، "بانگهێشتکردنی لیژنەکە بۆ نانخواردن نزیکەی 300 هەزار دیناری دیکەی تێدەچێت، چونکە کارگێڕی کۆلێژیش لەگەڵیانە. گوشارێکی زۆر لەسەر قوتابی هەیە، وەک خۆم پارەم قەرز کرد بۆ پێدانی ئەو پارەیە."
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە لە نیسانی 2022 دەرچووە، رێگە نادرێ بە خوێندکارانی باڵا کە میوانداریی لیژنەکانی تاوتوێ بکەن بۆ نانخواردن و دابینکردنی شوێنی مانەوە، ئەمەش "لەپێناو کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی خوێندکاران."
فەرحان حەسەن، خوێندکارێکی دیکەی ماستەرە و لە بەرنامەی (بەرپرسیار)دا گوتی، بانگهێشتکردنی لیژنە "بووەتە کولتوور و ئەگەر نەیکەیت، دەبێتە عەیبە." ئەو هاونیشتمانییە باس لەوە دەکات، پێش تاوتوێکردنی نامەکەی، بەشی ژمێریاریی کۆلێژ لیستێکی پێداوە بۆ پێدانی پارەی لیژنە و پێیان گوتووە، "تاوەکو پسوولەی پارەدانەکە نەبڕی، نامەکەت گفتوگۆی ناکرێ."
مستەفا کەریم، ماستەری لە هونەرە جوانەکان تەواوکردووە، بە رووداوی گوت، "975 هەزار دینارم دایە سێ ئەندامی لیژنە و سەرپەرشتیارەکەم، جگە لەوەش نزیکەی 440 هەزار دینارم بۆ نانخواردنیان لە چێشتخانەیەک خەرجکرد." مستەفا کاتێک چووەتە سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەدین بۆ وەرگرتنەوەی پارەکەی، پێیان گوتووە، "لە وەزارەتی خۆت (پەروەردە) وەریبگرەوە."
بەرپرسانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان رەتیدەکەنەوە خوێندکاران ناچار بکرێن پارە بدەن، بەڵام دان بەوەدا دەنێن کە بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی سیولەوە، زۆرجار خوێندکاران بۆ خێراکردنی کارەکانیان، پارەکە دەدەن و دواتر بۆیان دەگەڕێندرێتەوە.
د. لوقمان هادی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی دهۆک بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، لە (بەرپرسیار)دا گوتی، "بەپێی رێنمایی، قوتابی ناچار ناکرێ پارە بدات، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و زۆریی ژمارەی خوێندکاران، کۆلێژەکان ناتوانن ئەو هەموو پارەیە دابین بکەن، بۆیە بۆ تێپەڕاندنی کارەکان، قوتابی پارەکە دەدات و دواتر بۆی دەگەڕێندرێتەوە."
لەبارەی دواکەوتنی گەڕاندنەوەی پارەکە، د. لوقمان هادی گوتی، "زانکۆی دهۆک تاوەکو مانگی 5ی ئەم ساڵیش پارەی قوتابییانی گەڕاندووەتەوە."
هاوکات د. یۆهان عوسمان، گوتەبێژی زانکۆی سلێمانی بۆ رووداو جەختیکردەوە، "خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا ئازادن پارەکە بدەن بە لیژنە یان نا،" بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات، "تەنیا خوێندکارانی پارالێڵ، ئەوانەی سەر بە خوێندنی باڵا نین، پارە دەدەن؛ ئەوەش لە رێگەی زانکۆوە دەدرێتە ئەندامانی لیژنە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدینیش پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، "قوتابییانی پارالێڵ پارەی لیژنەی تاوتوێ لەسەر خۆیانە، بەڵام قوتابییانی دیکە دواتر زانکۆ پارەکەیان بۆ دەگەڕێنێتەوە." بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین، زانکۆکە لە یەک مانگدا 157 ملیۆن دیناری بۆ خوێندکاران گەڕاندووەتەوە.
جگە لە پارەی لیژنەی گفتوگۆ و میوانداری، خوێندکاران دەبێت پارەی هەڵسەنگاندنی زانستی و زمانەوانیی نامەکانیان و هەروەها بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکانیان لە گۆڤارە ئەکادیمییەکان بدەن.
فەرحان حەسەن دەڵێت، "بۆ هەڵسەنگاندنی زمانەوانی 110 هەزار دینار و بۆ هەڵسەنگاندنی زانستی 150 هەزار دینارم داوە." تاڤگە حوسێنیش باس لەوە دەکات، بۆ بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکەی 150 هەزار دیناری داوە.
بەپێی گشتاندنێکی وەزارەتی دارایی کە لە تشرینی یەکەمی 2022 دەرچووە، پاداشتی لیژنەکانی تاوتوێکردن و سەرپەرشتیاران دیاریکراوە و دەبێت لەسەر داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا خەرج بکرێ، بەڵام لەنێوان بڕیارەکانی وەزارەت و راستینەی زانکۆکاندا، خوێندکارانی خوێندنی باڵا هێشتا باجەکەی دەدەن.


