رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندن، پرسی کرێی فرۆشگای قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەداتەوە. بەشێک لەوانەی فرۆشگاکانیان بە کرێ گرتووە باس لە بەرزبوونەوەی "خەیاڵیی" کرێ دەکەن. لە بەرامبەریشدا بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە دەڵێن، "نرخ گونجاوە."
بەشێک لەوانەی فرۆشگاکانیان بە کرێ گرتووە: کرێ بەرزە
کازم سەعدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی ئەنجوومەنی فرۆشگاکان لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کرێی فرۆشگاکان نەک هەر بەرزکراوەتەوە، بەڵکو خەیاڵییە. لە هەندێک شوێن 5 بەرامبەر زیادی کردووە. پار بەهۆی دۆخی ناوچەکە و جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا قوتابخانەکان داخران، چەندین ملیۆن دینار زیانمان بەرکەوت و قەرەبووش نەکراینەوە."
بە گوتەی کازم سەعدوڵڵا، "فرۆشگا هەبووە پار بە دوو ملیۆن دینار بە کرێ دراوە، ئەم ساڵ کراوەتە 12 ملیۆن. هەیە لە سێ ملیۆنەوە بۆ 14 ملیۆن دینار زیادی کردووە. ئەوان تەنیا ژمارەی قوتابی هەژمار دەکەن، بەڵام تەنانەت ئەگەر بۆ هەر قوتابییەک 50 دیناریش دابنرێ، ئێمە هەر زەرەر دەکەین. بۆیە داواکارین وەزیری پەروەردە ببینین."
نەجات نەسروڵڵا، هاونیشتمانییەکی قەزای خەباتە و دەڵێ، "پار فرۆشگایەکەم بە چوار ملیۆن دینار بە کرێ گرت، بەڵام بۆ ئەم ساڵ نرخەکەیان کردووەتە 27 ملیۆن دینار! هیچ روونکردنەوەیەکمان پێنادرێ، بۆیە داوا دەکەین د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە بێتە سەر هێڵ."
بە کرێنەگرتنی فرۆشگەکان
رێبەند یوسف گوڵ، نوێنەری فرۆشگای قوتابخانەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "قوتابخانە هەیە چەندین ساڵە فرۆشگەکەی بە ملیۆنێک دینار بە کرێ گیراوە، ئێستا کراوەتە 7 ملیۆن. ئەگەر نرخ بەم شێوەیە بێ، هەموومان واز دەهێنین، چونکە بۆمان ناگونجێت. جگە لەوەش، رێنماییە تەندروستییەکان هێندە گران و قورسن، جێبەجێ ناکرێن و داوای خواردنێک دەکەن کە منداڵ نایخوات."
هەمان گلەیی لای ئەفرا ئیبراهیم، نوێنەری فرۆشگاکانی دهۆک هەیە و دەڵێ، "بژێویی هەزاران خێزان لەسەر ئەم کارەیە، بەڵام پێدانی کرێ لە توانای ئێمەدا نییە. کرێی فرۆشگا لە دوو ملیۆنەوە کراوەتە 9 ملیۆن دینار. ساڵی رابردوو هەموومان زەرەرمەند بووین و ئێستاش دەڵێن دەبێت بچنە زیادکردنی ئاشکراوە."
وەڵامی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە بۆ گلەیی هاونیشتمانییان
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "هەموو ساڵێک لە کاتی قەیرانەکاندا ئەوانەی فرۆشگاکان بە کرێ دەگرن گلەییان هەیە و داوای داشکاندن دەکەن. ئێمە بەشێکی زۆری قسەکانیان رەت دەکەینەوە، چونکە چەندین جار ئاسانکارییان بۆ کراوە."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتیشی، "رێنمایی نوێ هەیە کە دەڵێت دەتوانن بە هەمان نرخی پار وەریبگرنەوە، بەڵام ئەگەر بەو نرخە خەمڵێندراوە رازی نەبن، ئەوا دەخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە. ئەوان تەنانەت پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانیش نابن، نەوەک رێنمایی دیکە."
هاوکات لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر باسی لەوە کرد، ئەوان تەنیا رێنماییەکانی وەزارەت جێبەجێ دەکەن و دەڵێت، "لیژنە پێکهێندراوە و نرخ بەپێی ژمارەی قوتابییان دیاری دەکرێ. ئەمە بڕیاری وەزارەتە و دەبێت جێبەجێ بکرێ. هیچ زیادبوونێکیشی تێدا نییە."
سەگڤان حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک، وردەکاری زیاتری بۆ رووداو خستەڕوو و رایگەیاند، "ئەو بابەتە بەو شێوەیە نییە کە ئەوان باسی دەکەن. ئێمە لەگەڵیان دانیشتووین و بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتیش ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە و هەموو بابەتەکانمان بۆ روونکردوونەتەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک دەڵێ، "بۆ هەر قوتابییەک تەنیا 50 دینار هەژمار دەکرێ، تەنیا لەو قوتابخانانە نەبێت کە دەوامیان درێژە یان وەک کۆمەڵگەی خوێندنن، کە لەوێدا نرخ لە 75 دینارەوە دەستپێدەکات. هەموو ئاسانکارییەکمان بۆ کردوون وەک پەروەردە، چ لە نرخ و چ لە بابەتی دیکەدا."
سەگڤان حەسەن پێیوایە ئەوانەی فرۆشگاکان بە کرێ دەگرن بە هەڵە لە رێنماییە نوێیەکان گەیشتوون و دەڵێت، "نرخ لە رێنماییە کۆنەکاندا کەم بووە، بەڵام ئەوەی ئێستا تەواوە."




