رووداو دیجیتاڵ
پێنج قوتابخانە لە سنووری سلێمانی مەترسی رووخانیان لەسەرە. بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی دەڵێ، "ئەم ساڵ سێ قوتابخانەیان نۆژەن دەکرێنەوە و دووانەکەی دیکە بە داخراوی دەمێننەوە."
ئەمڕۆ 26ی ئابی 2026 بەناز رەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سوپاسی ئانزۆ فاوندەیشن دەکەین کە چوار ساڵە پشتیوانی پەروەردە دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان. پێشتر بە بڕیارێک پێنج قوتابخانەمان داخران، چونکە مەترسی رووخانیان لەسەربوو. ئێستا یەکێک لە قوتابخانەکان لە گوندی داریکەلی سنووری قەزای بازیان نۆژەن دەکرێتەوە، کە ئەگەر ئەمە نەبوایە، دەبوو قوتابخانەکە دابخرێ و ئەمەش کێشەی بۆ قوتابیان دروست دەکرد، چونکە قوتابخانەی دیکە لەم گوندەوە نزیک نییە."
بەناز رەمەزان دەڵێ، "قوتابخانەی گوندی داریکەلی، بڕیارە پێش دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن بکرێتەوە. سبەینیش قوتابخانەیەکی دیکە لە کۆمەڵگەی بەردەقارەمان، دوای نۆژەنکردنەوە دەکرێتەوە، کە تێچووی نۆژەنکردنەوەی لەلایەن سەرمایەدارێکەوە دابینکراوە. ئەو قوتابخانەیە نزیکەی 800 قوتابی هەیە."
بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی دەڵێت: "لە سنووری گوندی هەزارمێرد قوتابخانەیەکی دیکە مەترسی رووخانی لەسەر بوو، ئێستا دانیشتووانی گوندەکە دەستیان کردووە بە دروستکردنی قوتابخانەیەک و خۆیان پڕۆژەکە ئەنجام دەدەن، بەڵام دوو قوتابخانەی دیکە، لە کۆی ئەو پێنج قوتابخانەیەی کە مەترسی رووخانیان هەبوو بە داخراوی دەمێننەوە."
لەبارەی ئامادەکاریکردن بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بەناز رەمەزان دەڵێت، "بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە سەرجەم ئامادەکارییەکانمان بۆ ساڵی نوێ تەواو کردوون. کتێبی پێویست گەیشتووەتە کۆگاکان و بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشكراون. سیستمی خوێندنگە ئێوارانەکان رێکخراونەتەوە."
هەروەها محەممەد عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری پڕۆژە لە ئانزۆ فاوندەیشن دەڵێت، "تێچووی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە دیاری نەکراوە، بەڵام رۆژانە کارکردن تێیدا بەردەوامە، بەردوام کێشەی نوێ لە قوتابخانەکەدا دەردەکەوێ، بۆیە رۆژانە هەر بەشێکی قوتابخانە بزانین پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە، تیمەکانمان کاری تێدا دەکەن."
لە سنووری سلێمانی 1390 قوتابخانەی حکومی هەیە، کە 1101 قوتابخانەیان باڵەخانەی تایبەتیان هەیە و 17 قوتابخانەیان کرێچین و 38 قوتابخانەشیان بەشێکیان یان بە تەواوی لە کابینە دروستکراون، 272 قوتابخانەش دوو دەوامیان تێدا دەکرێت.


