رووداو دیجیتاڵ
ئەو شۆفێرەی ئەمڕۆ لە رێگەی کۆیە - هەولێر بە بارهەڵگرەکەیەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی هەشت کەسی دیکە، گەنجێکی تەمەن 24 ساڵانی خەڵکی کەلارە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە لەژێر چاودێریی چڕ.
رۆژی چوارشەممە، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شۆفێری بارهەڵگرەکە ناوی (هەڵکەوت سەڵاح سەلیم)ـە، لە دایکبووی ساڵی 2000ـە و خەڵکی قەزای کەلارە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت: "تەندروستیی ناجێگیرە و لە چاودێری چڕە لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر".
ئەو شۆفێرە، ئەمڕۆ بە بارهەڵگرەکەیەوە باری گەچی پێبووە، لە شەقامی کۆیە لە نزیک کەسنەزان، لە سایدی پێچەوانەوە بە خێراییەکی زۆر رۆیشتووە و خۆی بە چەندین ئۆتۆمبێلدا کێشاوە.
عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە بۆ "نەمانی برێک - ئیستۆپ" دەگەڕێتەوە، کە بەهۆیەوە شۆفێرەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و زیانی بە لانیکەم نۆ ئۆتۆمبێل گەیاندووە.
لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا، پیاوێکی تەمەن 66 ساڵان بەناوی (مام عەلی) دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون. ئێستا رێکارە یاساییەکان بەرامبەر شۆفێرەکە دەستیانپێکردووە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.


