رووداو دیجیتاڵ
فەرمانبەران و خانەنشینانی سنووری هەریر دەڵێن، دابەشکردنی زەوی بەسەریاندا دواکەوتووە و داوا دەکەن پرۆسەکە خێراتر بکرێت. سەرۆکی شارەوانیی هەریریش رایدەگەیەنێت، هۆکارەکەی بۆ نەبوونی زەویی ئامادەکراو و کێشەی یاسایی لەگەڵ خاوەن موڵکەکان دەگەڕێتەوە.
جەوهەر مامسار، پێشمەرگەی خانەنشین لە قەزای هەریر، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 21 ساڵ خزمەتی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبووە لە زەوی، ئەو دەڵێت: "هەموو قەزا و ناحیەکانی دیکە زەوییان وەرگرت، بەڵام لە هەریر نایدەنە کەس؛ کە دەچینە شارەوانیش دەڵێن چاوەڕێ بکەن."
بە گوتەی دانیشتووانی ناوچەکە، ئەم کێشەیە تەنیا هێزە ئەمنییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو فەرمانبەرانی مەدەنی و کارمەندانی ئاسایش و پۆلیسیش لە هەریر تاوەکو ئێستا زەوییان وەرنەگرتووە.
بێوار عەدنان، سەرۆکی شارەوانیی هەریر، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو پشتڕاستی کردەوە کە پرۆسەکە لای ئەوان دواکەوتووە و گوتی: "هۆکارەکەی ئەوەیە کە زەویی جیاکراوە و ئامادەمان نەبوو، هەروەها کۆمەڵێک کێشەی موڵکایەتی و یاساییمان لەگەڵ خاوەن زەوییەکان هەیە."
سەرۆکی شارەوانیی هەریر ئاماری ئەو کەسانەی خستەڕوو کە پێویستە زەوییان پێبدرێت و رایگەیاند: "زیاتر لە 3000 فەرمانبەری شارستانی، سەربازی و خانەنشین رەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان هەیە. جگە لەوانەش، نزیکەی 1100 پارچە زەویی دیکەمان پێویستە بۆ ئەو فەرمانبەر و خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی فەرمانی کۆنیان هەیە."
بێوار عەدنان دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان کە هیچ فەرمانبەرێک مافی نافەوتێت و گوتی: "لە قۆناخی ئامادەکردنی نەخشەی کەرتین و دەمانەوێت هەموو داواکارییەکان بەیەک پاکێج چارەسەر بکەین." ئاماژەی بەوەش کرد، کە فراوانیی سنوورەکە و زۆریی ژمارەی داواکارییەکان وایکردووە پرۆسەکە لای ئەوان کەمێک زیاتر لە شوێنەکانی دیکە بخایەنێت.
شارەوانیی هەریر جەخت دەکاتەوە کە هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی بە زووترین کات رێکارە یاساییەکان تەواو بکەن و زەوی بەسەر سوودمەندبوواندا دابەش بکەن.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)