رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە، رووداوێکی هاتووچۆی دڵتەزێن لە سەنتەری ناحیەی کەسنەزان لە هەولێر روویدا، کاتێک بارهەڵگرێک کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی حەوت کەسی دیکە، هەروەها زیانێکی زۆری ماددی لێکەوتەوە. هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، 'زۆر خێرابووە و برێکی نەماوە'.
عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، بە رووداوی گوت: "بارهەڵگرەکە کە گەچی گواستووەتەوە، برێکی نەماوە و خێرایی زۆربووە و خۆی پێنەگیراوەتەوە. هێشتا راپۆرتی کۆتایی لەبارەی رووداوەکە دەرنەچووە."
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بۆ رووداو وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و گوتی، بارهەڵگرەکە "پێش گەیشتن بە ماجدی لاند، دوای تێپەڕبوون لە تاسە کۆنکرێتییەکە لایداوە بەلای خاڵی پۆلیسی هاتووچۆکە و چووەتە سایدی بەرامبەر، پاشان خۆی بە حەوت ئۆتۆمبێلی دیکەدا کێشاوە و بەهۆیەوە ئاگر لە چوار ئۆتۆمبێل کەوتووەتەوە.
لە ئەنجامی رووداوەکەدا، هاونیشتمانییەکی خەڵکی شارەزوور لە سنووری هەڵەبجە گیانی لەدەستدا و هەشت کەسی دیکە برینداربوون.
ئەو کەسەی گیانی لەدەستدا ناوی عەلییە، لەدایکبووی ساڵی 1960 و خەڵکی هەڵەبجەی تازەیە و کارمەندی شارەوانیی شارەزوور بووە و باوکی هەشت منداڵە. قارەمان حاجی قادر، ئامۆزای کۆچکردوو، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "عەلی ئامۆزام لەگەڵ کوڕەکەی، رێبوار، بۆ بەدواداچوونی مامەڵەی خانەنشینبوونی چووبوونە هەولێر." لە کاتی گەڕانەوەیاندا، لە کەسنەزان بۆ کڕینی ئاو وەستاون. کاتێک رێبوار لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیوە، رووداوەکە روویداوە و باوکی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا گیانی لەدەستداوە. بەهۆی سەختیی رووداوەکە، تەرمەکەی شێواوە."
سەعد کەمال، بەرپرسی کارگێڕیی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات، لە (بەرپرسیار) گوتی، حەوت بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکان. بریندارەکان بریتین لە: شۆفێری بارهەڵگرەکە، پۆلیسێکی هاتووچۆ. پێشمەرگەیەک کە لەوکاتە بەو شەقامەدا تێپەڕیوە. هاونیشتمانییەکی خەڵکی کۆبانێ. باوک و کوڕێک و هاونیشتمانییەکی دیکە. تەمەنی بریندارەکان لەنێوان 23 بۆ 50 ساڵە. پێنج لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی 'فریاکەوتنی رۆژهەڵات، فریاکەوتنی رۆژئاوا و ئیمێرجنسی' ماونەتەوە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
شۆفێری بارهەڵگرەکە ناوی هەڵکەوت ساڵح سەلیمە، تەمەنی 26 ساڵە، خەڵکی کەلارە، هاوژینی هەیە و باوکی منداڵێکە. بەگوێرەی گوتەی باوکی بۆ رووداو، بارهەڵگرەکە موڵکی خۆی نەبووە و بە کرێ باری گەچی لە کەلارەوە بۆ هەولێر گواستووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە کوڕەکەی پێش رووداوەکە پەیوەندیی بە هاوژینەکەیەوە کردووە و پێیگوتووە کە "بار بۆ هەولێر دەگوازێتەوە".
هەڵکەوت لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لەژێر چاودێریی چڕدایە و تەندروستیی ناجێگیرە و بێهۆشە.
دڵدار ئیسماعیل، کە لە سەر شەقامە سەرەکییە شووتی و پەتاتە دەفرۆشێت، دوو ئۆتۆمبێلی لە رووداوەکەدا بەتەواوی سووتاون. ئەو لە (بەرپرسیار) گوتی: "لەناکاو گوێمان لە دەنگێکی گەورە بوو، بینیم بارهەڵگرێک بە پێچەوانەی ئاراستەی شەقام دێت. دووکەڵ لە بارهەڵگرەکە بەرز دەبووەوە و چەند ئۆتۆمبێلێکی لەپێش خۆیەوە پاڵ دەنا. هەر ئەوەندەم پێکرا خۆم رزگار بکەم."
فەهد بەحر، کە برای یەکێک لە بریندارەکانە و خاوەنی مارکێتێکە لەبەردەم شوێنی رووداوەکە، لە (بەرپرسیار) گوتی: "دۆخێکی زۆر شۆکهێنەر بوو. بارهەڵگرەکە زۆر بەخێرایی هات، براکەم، ئیسحاق، کە لەبەردەم مارکێتەکە وەستابوو، هەڵهاتە ژوورەوە و کەوت و بە سووکی بریندار بوو."
لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی رووداوەکە لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆوە بەردەوامە و بڕیارە رۆژانی داهاتوو، هاتووچۆی هەولێر، وردەکاریی رووداوەکە بۆ رای گشتی بخەنەڕوو.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)