رووداو دیجیتاڵ
گەورەترین پەیکەر لە عێراق و باشووری کوردستان کە پەیکەری پێشمەرگەیە لە کەرکووک، رووبەڕووی مەترسیی داڕمان بووەتەوە. تیمی دروستکردنی پەیکەرەکە دەڵێ، بەهۆی کاریگەریی 21 گولـلەوە ئاو دەچێتە ناوی و کەسیش ئامادە نییە نۆژەنی بکاتەوە.
بەرزان دەلۆ، گوتەبێژی تیمی دروستکردنی پەیکەری پێشمەرگە، رۆژی شەممە 29ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند، "پەیکەرەکە لە رووداوەکانی چەند ساڵی رابردوودا زیاتر لە 21 شوێنەواری گولـلەی پێوەیە، ئەمەش وایکردووە ئاو بچێتە ناوی و وردە وردە بەرەو داڕمان بچێت."
بەرزان دەلۆ ئاماژەی بەوەش کرد، "داوامان کردووە پەیکەرەکە نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەدەمەوەچوونێک نییە. تەنانەت لە ساڵانی رابردوویشدا کە پارێزگاری کەرکووک کورد بوو، ئەو کێشەیە جارەسەر نەکرا."
بەرزیی پەیکەرەکە 23 مەترە و بنکەکەی 15 مەترە. پڕۆسەی دروستکردنی دوو ساڵی خایاند (2015-2017) و لەلایەن پەیکەرساز مانی ئەحمەد و لەسەر ئەرکی ژمارەیەک کەسایەتیی پارێزگاکە دروستکرا.
ئەم پەیکەرە لە رۆژانی شەڕی دژی داعش وەک رێزێک بۆ قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگە لە پاراستنی کەرکووک دروستکرا، بەڵام دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 و کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ناوچەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی هێزە فیدراڵییەکان و ئاڵای عێراقی خرایە دەست.



