رووداو –دیجیتاڵ
ژمارەیەک هاوئاهەنگیکاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، کە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2025دا ئەرکی بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی دەنگدانیان هەبووە، لە نێوان بڕیارەکانی بەغدا و داواکارییەکانیاندا بۆ دامەزراندن ماونەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی نووسینگەی سلێمانیی کۆمیسیۆن پشتیوانیی خۆی بۆ دامەزراندنیان دەربڕیوە، بەڵام بەهۆی رێگرییەکانی بودجەی فیدراڵییەوە، پرۆسەکە لە بەغدا راگیراوە و ئێستا چاوەکان لەسەر بودجەی ساڵی 2027ـە.
دلۆڤان رەفیق، نوێنەری 57 هاوئاهەنگیکاری کۆمیسیۆن، قسەی بۆ رادیۆی رووداو کرد و دەڵێت، ئەوان لە 11ـی 11ـی 2025دا بە شێوەی گرێبەستی سێ مانگی دەستبەکاربوون و وەک رێکخەری بنکەکانی دەنگدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی خزمەتیان کردووە.
دلۆڤان رەفیق، ئاماژە بەوە دەکات کە "ئێمە وەک رێکخەر هەموو بنکەیەکی دەنگدانمان لەژێر دەستدا بووە و ماندووبوونێکی زۆرمان کێشاوە تاوەکو پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت، بۆیە داوا دەکەین گرێبەستەکانمان لە کاتییەوە بۆ گرێبەستی بەردەوام و میلاکی هەمیشەیی بگۆڕدرێن."
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، ئەوان وەک نووسینگەی سلێمانی پێشتر داواکاریی ئەو کارمەندانەیان بەرزکردووەتەوە، بەڵام بەغدا وەڵامی نەرێنی داونەتەوە. ئامانج عەزیز، گوتی: "وەڵامی بەغدا بەو شێوەیە بوو کە لە بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025دا بە هیچ شێوەیەک گرێبەستکردنی نوێ نییە، بۆیە داواکارییەکەیان رەتکرایەوە."
بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێستا هەوڵێکی نوێ هەیە لە رێگەی ئەندام پەرلەمانەکانەوە بۆ ئەوەی ناوی ئەم 57 کارمەندە بخرێتە ناو بودجەی ساڵی 2027. ئامانج عەزیز، دەڵێت: "نزیکەی 14 ئەندام پەرلەمانی ناوچەکە پشتیوانیی ئەم کارمەندانە دەکەن و ئێمەش نووسراوێکی نوێمان بۆ بەغدا ناردووە تاوەکو بزانین چۆن دەتوانین لەنێو بودجەدا جێگەیان بکەینەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن کۆمسیۆنەوە وەڵامی فەرمیمان وەرنەگرتووەتەوە."
ئەم 57 کارمەندە داوا لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەکەن، ناویان لە بودجەی ساڵی 2027ـدا جێگیر بکرێت تاوەکو چیتر وەک کارمەندی کاتی نەمێننەوە و ببنە میلاکی هەمیشەییی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، چونکە لە ئۆفیس و ناوەندکانی پارێزگاکەدا پێویستیان بە راژەی ئەوان هەیە.



