رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند، کە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر، بە ماتۆڕسکیلێکەوە گێچەڵی سێکسیی بە ئافرەتێک کردبوو و ڤیدیۆکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی لێکەوتبووەوە.
رۆژی شەممە 29ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوای ئەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ئافرەتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، کە لەلایەن کەسێکی ماتۆڕسوارەوە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر گێچەڵی سێکسیی بەرامبەر کرابوو، تیمی تاوانی بەڕێوەبەرایەتییەكمان دەستی بە بەدواداچوون کرد."
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا کراوە کە ناوی (ع. م. ئ)یە، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبارەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کراوە.
ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە و لە داهاتوودا زانیاریی زیاتر بڵاودەکەنەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، کە تێیدا کەسێکی ماتۆڕسوار لە کۆڵانێکدا گێچەڵ بە ئافرەتێک دەکات، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و ئاسایش دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و توانی لە ماوەیەکی کەمدا دەستگیری بکات.




