رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی 26 ساڵ بەسەر یەکەم کۆنگرەدا، ئەمڕۆ دووەمین کۆنگرەی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو؛ تێیدا د. محەممەد تەها وەک نەقیبی نوێ هەڵبژێردرا و بڕیاردرا لەمەودوا هەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرە ببەسترێت.
شەممە 29ـی ئابی 2026، سەنگەر محەممەد، ئەندامی کۆنگرە و بەڕێوەبەری شارەوانیی یەکی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆنگرەکە لە کاژێر 09:00ـی بەیانی تاوەکو 09:30ـی شەو لە هۆتێل رۆتانا بەردەوام بووە. لە کۆنگرەکەدا 170 ئەندام و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکومی و حیزبی ئامادە بوون.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان
سەبارەت بە ئەنجامەکان، سەنگەر محەممەد ئاشکرای کرد: "د. محەممەد تەها بە بە دەستهێنانی 86 دەنگ، وەک نەقیبی سەندیکای ئەندازیاران هەڵبژێردرا. هەروەها هەشت ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیکاش هەڵبژێردران کە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوون؛ دوو ئەندام بۆ دهۆک، یەک بۆ سۆران، یەک بۆ سلێمانی و چوار ئەندامەکەی دیکە بۆ هەولێر."
هەر لەو کۆنگرەیەدا، بەرپرسی بەشە جیاوازەکانی ئەندازیاری (شارستانی، تەلارسازی، کۆمپیوتەر، میکانیک و کیمیا) دیاریکران. بە گوتەی ئەندامەکەی کۆنگرە، پڕۆسەکە بەهۆی گفتوگۆ لەسەر هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ کاتی زۆری خایاندووە.
پەیڕەوی نوێی سەندیکاکە لە 10 بەش پێکهاتووە و یەکێک لە گۆڕانکارییە سەرەکییەکان ئەوەیە کە چەسپێندراوە دەبێت لەمەودوا هەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرەی سەندیکا ببەسترێت.
بڕیارە لە سبەی یەکشەممەوە، نەقیبی نوێ و دەستەی هەڵبژێردراو بە فەرمی دەستبەکار بن.
سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان کە ئێستا 27 هەزار ئەندامی هەیە، یەکەم کۆنگرەی خۆی لە ساڵی 2000ـدا بەستووە، ئەمڕۆ دوای پچڕانێکی درێژخایەن، دووەم کۆنگرەی خۆی کۆتایی پێهێنا.



