رووداو دیجیتاڵ
درۆنی ئاگرکوژێنەوە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان و بەرگرییەکانی شارستانیی سلێمانی و هەولێر چاوەڕێی تاقیکردنەوەن.
رۆژی یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوامان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کردووە درۆن و باڵۆنی ئاگرکوژێنەوە بۆ سلێمانی دابینبکەن. بۆ ئەو مەبەستەش نوێنەرێکی بەرگریی شارستانیی سلێمانی لەگەڵ نوێنەرانی بەرگریی شارستانیی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان سەردانی چینیان کرد و راهێنانیان لەسەر جۆرێک درۆنی ئاگرکوژێنەوە کرد".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی گوتی: "شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە چین جۆرە درۆنێکی لەگەڵ خۆیان هێناوە کە تایبەتە بە هاوکاریکردنی کوژاندنەوەی ئاگری شاخ و باڵەخانە بەرزەکان و ئێستا لە زۆربەی وڵاتان بەکاردێت. درۆنەکە لە پارێزگای هەولێریش تاقیکراوەتەوە".
لە بارەی هۆکاری تاقینەکردنەوەی درۆنەکە لە سلێمانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی شارەکە ئاماژەی بەوەکرد، کەشوهەوای سلێمانی لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە جیاوازە بەو پێیەی زۆربەی کات بای تووندی هەیە، هەربۆیە تا ئێستا دەرفەت نەبووە درۆنەکە تاقیبکرێتەوە و چاوەڕوانن کەشوهەوای سلێمانی لەباربێت بۆ ئەوەی درۆنەکە تاقیبکەنەوە.
هەرچەندە درۆنەکە تەنیا لە پارێزگای هەولێر تاقیکراوەتەوە، بڕیارە هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک یەکی درۆنێکیان بۆ دابینبکرێت و قۆناخی دواتریش ببنە خاوەنی باڵۆنی ئاگرکوژێنەوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی گوتیشی: "هێشتا میکانیزمی بەکارهێنانی درۆنەکە نازانین، چونکە دڵنیانین لەوەی درۆنەکە بتوانێت لەو کەشوهەوا نالەبارەی شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ بفڕێت و هاوکاریی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بکات".
زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە رۆژی یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە هەر ئامێرێکی پێشکەوتوو بۆ مەبەستی ئاگرکوژێنەوە بەکاردێت بۆمان دابینبکرێت، بەڵام نە ئاگاداری ئەوەین شاندێک بۆ هێنانی درۆن سەردانی چینی کردووە و نە ئاگاداری ئەوەشین درۆنی ئاگرکوژێنەوە بۆ هەڵەبجە دابینبکرێت".

