رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پڕۆژەی (هەژماری من)، سبەی دوایین رۆژە بۆ خۆتۆمارکردنی مووچەخۆران لە پڕۆژەکەدا و هەرکەس خۆی تۆمار نەکات مووچەکەی رادەگیرێت. پڕۆژەکە لە راگەیێندراوێکی نوێدا دەڵێ، 60 هەزار کارت لە بانکەکان ماون و داوا دەکات مووچەخۆران وەریانبگرنەوە.
پڕۆژەی (هەژماری من) ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا زیاتر لە 60 هەزار کارت لە بانکە گشتییەکان ئامادەن بۆ وەرگرتنەوە؛ هەروەها ئەمڕۆ و سبەی 30 هەزار کارتی دیکە دەنێردرێن بۆ بانکە گشتییەکان و ئامادە دەبن بۆ وەرگرتنەوە".
پڕۆژەکە داوا لە مووچەخۆران دەکات نەچن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان تاوەکو لە رێگەی کورتەنامەوە ئاگادار دەکرێنەوە بۆ ئەوەی سەردانی بانکەکان بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە.
پڕۆژەی (هەژماری من) ئاماژەی بەوەش کرد: "50 هەزار کارت ماون لەژێر چاپدان و تاوەکو یەک هەفتەی دیکە هەموویان تەواو دەبن و تەواوی مووچەخۆران دەبنە خاوەن کارتی بانکی".
ئەم لێدوانەی پڕۆژەی (هەژماری من) لەکاتێکدایە، بەشێکی مووچەخۆران نیگەرانن لەوەی، مامەڵەیان تەواو کردووە و کارتیان وەرنەگرتووەتەوە و دەترسن مووچەیان رابگیرێ. بەڵام پڕۆژەکە بە رووداوی گوت: "ئەوەی هەنگاوی ناوە و مامەڵەی پێشکێش کردووە، مووچەی راناگیرێ و لەکاتی هاتنی مووچەدا مووچەکەی بۆ خەرج دەکرێ".
پڕۆژەی (هەژماری من) لە زانیارییەکانی ئەمڕۆ 30ی مانگدا بە رووداوی گوت: "ئەو مووچەخۆرانەی فۆڕمی هەژماری منیان پڕ نەکردبێتەوە، یان خوی تۆمار نەکردبێت، مووچەکەی رادەگیرێت بە پێی نۆسڕاوی وەزارەتی دارایی".
بەپێی دوایین راگەیێندراوی پڕۆژەی (هەژماری من)، تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە، نزیکەی 25 هەزار مووچەخۆر ماون لە پڕۆژەکەدا خۆیان تۆمار بکەن. پڕۆژەکە دەڵێت: "ئەوانەی تۆمارنەکراون بە کورتەنامەی مۆبایل داوایان لێکراوە خۆیان تۆمار بکەن".
بەگوێرەی نوێترین ئامار، 922 هەزار مووچەخۆر مووچەی مانگی حەوتیان لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە وەرگرتووە.
لە مووچەی مانگی تەممووزدا، لە سنووری پارێزگای هەولێر 395 هەزار مووچەخۆر بە کارتی ئەلیکترۆنی مووچەیان وەرگرتووە، لە پارێزگای سلێمانی 314 هەزار مووچەخۆر، لە دهۆک 192 هەزار مووچەخۆر و لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 21 هەزار مووچەخۆر مووچە چووەتە سەر هەژمارەکانیان.
پڕۆژەی (هەژماری من) لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا، بە ئامانجی مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و رێکخستنەوەی سیستمی دارایی لە هەرێمی کوردستان.


